كۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان: پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم شێروان شێروانی ئازاد بكەن

21-07-2023 08:09

پەرەگراف

كۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ڕایدەگەیەنێت "پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان تۆمەتەكانی سەر ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی هەڵبوەشێننەوە و ئازادی بكەن". داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانیش دەكات ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدەن بە ئازادی كاری خۆیان بكەن.

شەریف مەنسوور، ڕێكخەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای كۆمیتەی (CPJ) دەڵێت "بە بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی زیندانییەكەی بۆ ماوەی چوار ساڵ، دەسەڵاتدارانی كورد لە عێراق بێ پێچوپەنا ویست و ئیرادەی خۆیان بۆ بەكارهێنانی زەبروزەنگێكی زۆر بەرامبەر ڕۆزنامەنووسان، بە جیهان نیشان دەدەن”.

كۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەوانان (CPJ) كە ڕێكخراوێكی جیهانییە و بارەگاكەی لە شاری نیویۆركی ئەمریكایە، ئاماژە بەوە دەكات كە سەبارەت بە كەیسی شێروان شێروانی بە ئیمەیڵ پەیوەندیی بە وەزیری ناوخۆی هەرێمەوە كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكی دەست نەكەوتووە. هەروەها لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەڕێوبەرایەتیی چاكسازیی گەوران لە هەولێر كردووە، ئەوانیش وەڵامیان نەداوەتەوە.

بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی، بۆ سی پی جەی دواوە و بڕیارەكەی دادگای هەولێری بە "بەسیاسیكراو" وەسف كردووە و دەشڵێت كە بەم بڕیارانە خێزانەكەیان ناكەوێتە ژێر فشار.

دوێنێ پێنجشەممە، دادگای هەولێر بە تۆمەتی "ساختەكردن"ى واژووى زیندانیکراوێکى هاوڕێى، بەپێی دوو ماددە لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی چوار ساڵى دیکە بەسەر ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانیدا سەپاند. پارێزەری ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕایدەگەیەنێت "دادگا لەژێر فشاری سیاسی و شەخسیدا" ئەو سزایەی سەپاندووە.

شێروان شێروانی لەلایەن چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە تۆمەتبار كراوە بەوەی كە لە زینداندا واژووی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباریی "ساختە" كردووە و لەبری ئەو واژووی داواكارییەكی كردووە، لەسەر ئەوەش سكاڵای لە دژی تۆمار كردووە.

ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "گۆهدار زێباری لەبەردەم دادوەردا شاهێدیی لە بەرژەوەندیی شێروان دا و وتی كە من خۆم شێروانم سەرپشك كردووە واژوو بۆ من بكات".

وەكوو ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێ‌ كرد، پاش ئەوەی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكەی بادینان داواكارییەكیان پێشكەش كردبوو بۆ ئەوەی ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی بەمەرج) بیانگرێتەوە، دواتر هەر خۆیان داواكارییەكی دیكەیان ئاراستەی چاكسازیی گەورانی هەولێر كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی داواكاریی یەكەمیان، شێروان شێروانی تۆمەتبار كراوە بەوەی لە داواكاریی دووەمدا لەبریی گۆهدار زێباری واژووی كردووە و ئەوەیشی بە ساختەكاری لەسەر حیساب كراوە.

دادگای هەولێر لەسەر ئەو دۆسیەیە، بە دوو ماددەی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە ساختەكاری، سزای زیندانیكردنی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی 295 و ساڵێك و شەش مانگ بەپێی ماددەی 289.

پارێزەر ڕەمەزان ئەرتیسی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "دەمەوێت بە خەڵكی كورستان بڵێم: زۆر بەداخەوە كە لە كوردستان یاسا جێبەجێ‌ ناكرێت، نیوەی خاكی كوردستان لەسەر دەستی سەركردایەتیی كورد فرۆشرا، كەس دادگایی نەكرا. سەدان كەس دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندوون، بەڵام لە كوردستاندا پیاسە دەكەن و كەس ناوێرێت دەستیان بۆ ببات".

ئەو پارێزەرە هۆشداریشی دا لەوەی كە "ئەگەر یاسا سەروەر نەبێت و جێبەجێ‌ نەكرێت، كوردستان وێران دەبێت".

پارێزەكەی شێروان شێروانی بە پەرەگرافی وت "ئێمە پێمان وایە هیچ بەڵگەیەك بۆ سزادانی شێروانی شێروانی نەبووە و داواكاری پێداچوونە بە سزاكە پێشكەش دەكەین".