ڕێکخراوی جاسەنە: سەرلەنوێ حوکمدانی شێروان شێروانی ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی مەترسیداری سەرکوتکردن

20-07-2023 10:29

پەرەگراف

ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا، ڕەخنەی تووند لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای ھەولێر دەگرێت بۆ سزادانی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن و دەڵێت: "ئەم حوکمەی ئەمڕۆی دادگای هەولێر، نەک هیچ مانایەک بۆ سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستاندا ناهێڵێتەوە، هاوکات داکوتانی دوا بزمارە بەو پەراوێزە ئازادییە کەمەی کە لە کوردستاندا مابوو".

جاسەنە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ پەرەگراف نێردراوە، ڕووەو پارتی دەڵێت "ئەو حزبە بە تایبەتی لە دەڤەری بادینان و هەولێر بۆ تۆڵە سەندنەوەو بێدەنگکردنی ئەو دەنگە جیاوازانە، دامودەزگاى ئەمنی و حوکمی و دادگاکانیشی خستۆتە خزمەت حزبەکەیەوە تاوەكو تۆڵەیان لێبکاتەوەو بێدەنگیان بکات".

"رێکخراوی جاسەنە هەست بە مەترسی خراپی دۆخی ئازادی بیروڕاو ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمدا دەکات و، پێیوایە خەریکە بە تەواوی دۆخێکی مەترسیداری تاریکی دیکتاتۆری باڵ بەسەر هەرێمدا دەکێشێت".

دەقی بەیاننامەکەی جاسەنە

سەرلەنوێ حوکمدانی شێروان شێروانی، ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی مەترسیداری سەرکوتکردن

ئەمڕۆ ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٣ جارێکی تر لەسەر داوایەکی نوێ کە ئەمجارە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر تۆماريکردووە، دادگایهەولێر و لەرێگای هەمان دادوەری پێشووی کەیسەکەی شێروان شێروانی، حوکمێکی نوێی چوار ساڵەی بۆ ئەو رۆژنامەنووسە بە تۆمەتی"تەزویر" دەرکرد، بەمەش لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بە دوو جار حوکمی دە ساڵ زیندانیکردن بۆ ئەو رۆژنامەنووسە دەرکراوە.

حوکمی ئەمجارەی دادگای هەولێر کە تۆمەتی "تەزویری" داوەتە پاڵ شێروان شێروانی گوایە پەنجە مۆری بۆ گوهدار زێباری هاوڕێیزیندانی لە کاتی بڕیاری ئازادکردنی بەمەرجدا بۆ کردووە"، ئەو تۆمەتە کە لەلایەن شێروان شێروانی و گوهداری زێباری هاوڕێیەشیەوە لەبەردەم دادوەردا بە توندی رەتکرایەوە، بەڵام دادگاکە سووربوو لەسەر دەرکردنی حوکمێکی چوار ساڵەی نوێ بۆ شیروان شیروانی.

ئێمە وەک رێکخراوی (جاسەنە) بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا، هەر لەسەرەتای دەستگیرکردنی شێروان شێروانی و دەیان چالاکوان ورۆژنامەنووسی دەڤەری بادینان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تا ئەمڕۆ، هەموو ئەم دەستگیرکردانانە بە گرتنێکی سیاسی دەزانین و، تاکە هۆکارێک بۆ دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتیانە بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو کە حوکمی جیاجیا دراون و لە زینداندا بوون، جیاوازی بیروڕای سیاسیانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەو حزبە بە تایبەتی لە دەڤەری بادینان و هەولێر بۆ تۆڵە سەندنەوە و بێدەنگکردنی ئەو دەنگە جیاوازانە، دامودەزگاى ئەمنی و حوکمی و دادگاکانیشی خستۆتە خزمەت حزبەکەیەوە تاوەكو تۆڵەیان لێبکاتەوەو بێدەنگیان بکات.

ئەم حوکمەی ئەمڕۆی دادگای هەولێریش، نەک هیچ مانایەک بۆ سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستاندا ناهێڵێتەوە، هاوکات داکوتانی دوابزمارە بەو پەراوێزە ئازادییە کەمەی کە لە کوردستاندا مابوو.

رێکخراوی جاسەنە هەست بە مەترسی خراپی دۆخی ئازادی بیروڕاو ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمدا دەکات و، پێیوایە خەریکە بە تەواوی دۆخێکی مەترسیداری تاریکی دیکتاتۆری باڵ بەسەر هەرێمدا دەکێشێت.

هەربۆیە داوا لە سەرجەم رێکخراوەکان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و چالاکوانان دەکات کە لەم زوڵم و سەرکوتکارییەی ئەم دەسەڵاتە نادیموکراسییە بێدەنگ نەبن.

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا

٢٠ ی تەموزی ٢٠٢٣