پاش تەواوكردنی سزاكەی، گۆهدار زێباری ڕەوانەی ئاسایشی هەولێر كراوە و هێشتا ئازاد نەكراوە
پەرەگراف
دایك و باوك و كەسوكاری ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری لەگەڵ چالاكان و هاوڕێیانی لە ئاكرێ لە چاوەڕوانیی ئازادكردنی گۆهدار زێباریدان، بەڵام ئاسایش بە "نایاسایی" ئازادكردنی دوادەخات.
ئەو ڕۆژنامەنووسە كە یەكێك لە سزاداراوانی بادینانە، پاش دوو جار سزادانی بە شەش ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن، ئەمڕۆ سزاكەی كۆتایی هات و دەبوو ڕاستەوخۆ لەلایەن چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە ئازاد بكرێت، بەڵام بە ڕێكارێكی "نایاسایی" ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر كرا.
ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەر لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "دەبوو گۆهدار زێباری ئەمڕۆ دوای تەواوكردنی سزاكەی، ڕاستەوخۆ لە چاكسازیی گەورانی هەولێر ئازاد بكرایە".
زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری، كاتژمێر ٩:٣٠ خولەكی ئەمشەو بە پەرەگرافی وت "تا ئێستا لە هەولێر چاوەڕێی ئازادكردنی گۆهدارم و هێشتا ئازاد نەكراوە، پێیان نەوتوین و نازانین هۆكاری ئازادنەكردنی چییە".
گۆهدار زێباری پاش سزادانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن هاوشێوەی هاوڕێكانی دواتر كەمكردنەوەی سزاكەیان بە ڕێژەی لەسەدا 60 لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەك ڕۆژ بەر لە ئازادبوونی، دۆسیەیەكی دیكە لە دژی كرایەوە و حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە بڕیارەكە تەمیز كرا، بەڵام سزاكە تەنیا بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە.
لە سكاڵای دووەمدا، ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری تۆمەتبار كرا بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".
بەشدار حەسەن، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی كە تانەمان لە بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر دا لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بە حەوت مانگ زیندانی لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی، كە هەق وابوو تەنیا پێبژاردن بوایە، بەڵام دادگا لەبری ئەوەی بیكاتە پێبژاردن یان بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا تەعدیلێكی سزاكەی كرد".
ئەو پارێزەرە دەڵێت "ئەمە زوڵم و ستەمێكی زۆر گەورە بوو لەو ڕۆژنامەنووسە كرا. تەحەدا دەكەم لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەك كەس لەسەر ئەم جۆرە سەرپێچییانە سزای بەوشێوەیە توندی بەسەردا سەپێندرابێت".
یەكێكی دیكە لە پارێزەرانی دەستگیركراونی بادینان دەڵێت "گۆهدار زێباری هەر لەو كاتەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لە ئاكرێ كڕیوە، چەمبەر (عەتەر، ئەو بەشەی پێشوەی ئۆتۆمبێل كە لۆگۆی كۆمپانیاكەی پێوەیە) گۆڕدراوە و گرێبەستی كڕینی ئۆتۆمبێلەكەشی هەیە".
ئەو پارێزەرە وتیشی "پێمان وایە كاریگەریی دەرەكی لەسەر دادگا هەیە و دەبوو سزاكە زۆر لەوە كەمتر بێت و بكرێت بە پێبژاردن".
پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا) لە ڕۆژی 16-2-2021 و پاش ماوەیەكی زۆر لە دەستگیركردنیان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێك كە خۆیان و پارێزەرانیان ڕەتیان كردەوە و "هیچ بەڵگەیەك"یشی لەسەر نەبوو، بە "سزای سیاسی" ناویان برد.
دوای ناڕەزایەتی و كاردانەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سزای هەر پێنجیانی بە ڕێژەی لەسەدا 60 كەم كردەوە، بەڵام دواتر كەمكردنەوەی سزای شێروان شێروانی دەستكاری كرا و بۆ لەسەدا 50 كەم كرایەوە.
ڕۆژی 16-3-2023 هەریەك لە شڤان سەعید، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا ئازاد كران و گۆهدار زێباری دۆسیەی دووەمی لە دژ جوڵندرا، دواتریش دۆسیەیەكی دیكە لە دژی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی جوڵێندرا و تۆمەتبار كرا بەوەی كە "پەنجەمۆری گۆهدار زێباریی ساختە كردووە". لەسەر ئەو دۆسیەش سزای چوار ساڵی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "گۆهدار زێباری لەبەردەم دادوەردا شاهێدیی لە بەرژەوەندیی شێروان دا و وتی كە من خۆم شێروانم سەرپشك كردووە واژوو بۆ من بكات".
* كۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان: پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم شێروان شێروانی ئازاد بكەن
* ڕێکخراوی جاسەنە: سەرلەنوێ حوکمدانی شێروان شێروانی ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی مەترسیداری سەرکوتکردن
* لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی فراوان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی دەستی پێکرد