هەشت كۆمپانیای نەوت بە فەرمی ڕێككەوتنیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند
پەرەگراف
هەشت كۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بە فەرمی ڕێككەوتنیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و دەڵێن "لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-توركیاوە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت دەكەین".
ئەو كۆمپانیایانە لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا سوپاسی "سەركردایەتی"ـی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و "پشتگیری"ـی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و جەخت دەكەنەوە كە "بەشێوەیەكی بنەڕەتی" گەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
کۆمپانیاکان پێشبینى دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕێککەوتنى سێقۆڵیى هەناردەکردنەوەى واژوو بکەن، کە وەکوو خۆیان دەڵێن "ڕێككەوتنەكە گرەنتیى پارەدان بە كۆمپانیاكانی نەوت دەکات".
هەر ئەمڕۆ ٢٤-٠٩٢٠٢٥، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، واژووی بە سەرجەم كۆمپانیاكانی نێوخۆ و بیانی جگە لە یەك كۆمپانیا، كردووە، هەروەها وەڵامی ڕەزامەندییەكانی وەزارەت و كۆمپانیاكانی لە 23ـی ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی ناردووەتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ واژووكردنی ڕێككەوتنەكە وەڵاممان بداتەوە، تاوەكو بە زووترین كات كۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بكات و بڕگەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكات".
بەپێى ڕاگەیەندرواى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانیش کە ئەمڕۆ کۆبووەوە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى دوێنێیدا ڕێککەوتننامەى سێقۆڵیى بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم پەسەند کردووە.
هاوکات وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "نووسراومان بۆ كۆمپانیای سۆمۆ كردووە نەوتەكەمان لێ وەربگرێت. ئەوەی ماوە تەنیا كێشەی تەكنیكییە كە چاوەڕوان دەكەین لە 48 كاتژمێری داهاتوودا چارەسەر ببێت و هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە".
نوێ دەكرێتەوە...