پەرەگراف
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "ڕێككەوتنی سێقۆڵی هەنگاوی باشی بڕیوە و نووسراومان بۆ كۆمپانیای سۆمۆ كردووە نەوتەكەمان لێ وەربگرێت. ئەوەی ماوە تەنیا كێشەی تەكنیكییە كە چاوەڕوان دەكەین لە 48 كاتژمێری داهاتوودا چارەسەر ببێت و هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە".
پێشەوا هەورامانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی "توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 234 هەزار بەرمیل، لەو بڕە 50 هەزار بەرمیل گل دەدرێتەوە بۆ پێداویستیی ناوخۆ، ئەوی دیكە بەشی كۆمپانیاكان و حكومەتی فیدراڵە".
"ڕێککەوتنەکەمان لەسەر نەوت بۆ ماوە سێ مانگە، چونکە لە ساڵى تازەدا یاسایەکى تازەى بودجە ئامادە دەکرێت. ئێمە پابەندین بە ئەرک و مافەکانمان. بۆ ساڵى ٢٠٢٦ ئێمە داواى بودجەى هەرێم دەکەین و مافى هەرێم هەر مووچە نییە"، پێشەوا هەورامانى واى وت.
سەبارەت بە وەڵامەكەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر كێشەی داهاتی نانەوتیش، وتەبێژی حكومەت وتی "بۆچوونەكەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر داهاتی نانەوتی، بڕیار نییە و تەنیا بۆچوونێكە لەسەر داواكاریی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بووە، ئێمە داوامان نەكردووە".
پێشەوا هەورامانی ڕایشیگەیاند كە ڕەزامەندی لەسەر ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد دەدەن، لەپێناو هاتنی مووچەی مانگی حەوت و لەگەڵ گەیشتنى مووچەیش بەزوویى دابەشى دەکەن.