ئاماژەکان بەرەو چارەسەرى کێشەى نەوت و مووچەن؛ 'ڕێككەوتن لەسەر نەوت و داهاتی نانەوتی كراوە'
پەرەگراف
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لەسەر هەدوو دۆسیەى "نەوت و داهاتی نانەوتی" ڕاگەیاند و دەڵێت "هیچ پابەندبوونێك لەسەر هەرێمی كوردستان نەماوە و كاتی ئەوەیە حكومەتی عێراق دوو مووچەی مانگەكانی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بكات".
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ، سەرۆکى حکومەتى هەرێم وتى "ئیشەڵڵا ئیتر کێشەى مووچە نامێنێ". بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانییش ڕایگەیاند "پێمان گەیشتووە کە بەمنزیکانە کێشەى مووچە چارەسەر دەکرێت".
هەروەها دوێنێ ٢٠-٠٩-٢٠٢٥، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوور بە ڕووداوى ڕایگەیاند، پێشبینی دەكەن هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان "لە ماوەی ٤٨ كاژێری داهاتوودا دەست پێ بكاتەوە".
ئەمڕۆ ٢١-٠٩-٢٠٢٥، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كەركووك ڕایگەیاند "ڕێككەوتن كراوە، ڕێككەوتنی نەوتی و نانەوتییش. هەروەها پڕۆپۆزەڵی ڕێككەوتنی نوێی نێوان توركیا و عێراقیش كۆتایی هاتووە، كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكان ڕێككەوتووە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان".
شاخەوان عەبدوڵڵا وتیشی "ئێستا هیچ پابەندبوونێك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە نەماوە، ئەوەی ماوە حكومەتی عێراق پایەندبوونی ئەخلاقی و یاسایی خۆی سەبارەت بەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكات و مووچەی دوو مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكات".
ئەمە لە کاتێکدایەکە کە دوێنێ مەسروور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێم، گەیشتن بە "لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن"ـى لەنێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتى هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. وتیشى "ئەمە دەبێتە دەستپێکێکی باش بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان".
بەپێی لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق كە لە ناوەڕاستی مانگی حەوت هاتە ئاراوە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیشەوە كراوە بە بڕیار، دەبێت حكومەتی هەرێم هەموو نەوتی ئامادەی خۆی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات بۆ هەناردە كردن، كە تا ئێستا ڕازینەبوونى کۆمپانیا نەوتییەکان لەمپەر بووە لەبەردەمیدا و هێشتا ئەو خاڵە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەر ئەمڕۆ، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە مەراسیمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە زاخۆ وتی "هیوای ئێمە ئەوەیە كە بەمنزیكانە قەیرانی مووچە بەرەو كۆتایی بچێت". جەختیشی كردەوە كە "ئیشەڵا ئەم كێشەیە ئیتر نامێنێ و فەرمانبەران و بەتایبەت مامۆستایان مافەكانی خۆیان بە بەردەوامی وەردەگرن".
هەر ئەمڕۆ سەبارەت بە كێشەی مووچە، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ڕایگەیاند "ئەوەندەی بە ئێمە گەیشتووە، بەمنزیكانە كێشەی مووچە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق چارەسەر دەكرێت".
سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، ڕۆژی هەینی 19-09-2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە سەرچاوەیەكی نزیك لە گفتوگۆكانەوە ئاشكرای كرد، ڕێككەوتن لەسەر وردەكاریی هەناردەكردنەوەی نەوت كراوە و هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستیی ناوخۆ گلبداتەوە.
سەربارەى جێبەجێنەبوونى ناوەرۆکى لێکتێگەیشتنەکەى نێوان هەرێم و بەغداد کە خۆى لە دۆسیەکانى نەوت و داهاتى نانەوتى و تەوتیندا دەبینێتەوە، حکومەتى عێراق دوو مووچەى مانگەکانى پێنج و شەشى بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام بۆ ناردنى مووچەى مانگى حەوت و مانگەکانى دواتر، جەخت لە جێبەجێکردنى لێکتێگەیشتنەکە دەکاتەوە، بەتایبەت دەستپێکردنى هەناردەکردنەوەى نەوت و ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتى.