مەسرور بارزانی ڕێککەوتنی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند

20-09-2025 10:23

پەرەگراف

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن دروست بووە بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەمە دەبێتە دەستپێکێکی باش بۆ نەهێشتنی ئاستەنگییەکان".

مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لە کردنەوەی ڕێگای شێخان-لالش وتیشی: "هیوادارم ڕێککەوتنەکە جێی ڕەزامەندیی هەموولایەک بێت، حکومەتی عێراق ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات و چیدی حکومەتی عێراق وا نەکات کە مووچە ببێتە سەردڕێری هەواڵەکان".

دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گرێدراوی ناردنی مووچەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، مووچەخۆرانی هەرێم کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسن چاوەڕێی مووچەی مانگی حەوتن لە کاتێکدا نیوەی مانگی 9 تێپەڕبووە.