پەرەگراف
زەنگى ساڵى نوێى خوێندن لە هەرێمى کوردستان لێدرا و پرۆسەى خوێندنى ساڵى (٢٠٢٥-٢٠٢٦) لە کاتێکدا دەست پێ دەکات کە مامۆستایان مووچەى سێ مانگیان وەرنەگرتووە. مەسروور بارزانى سەربارى سوپاسکردنى مامۆستایان، دەشڵێت "ئیشەڵا کێشەى مووچە ئیتر نامێنێ".
مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە قوتابخانەیەکى زاخۆ زەنگى دەستپێکى ساڵى نوێى خوێندنى لێدا و لە وتارێکدا وتى "سوپاسى مامۆستایانى قەدرگران دەکەم کە سەربارى ئاستەنگ و ناخۆشى و بێمووچەیى، بەردەوام بوون لە پرۆسەى خوێندن، هەرگیز ڕێگەیان نەدا قوتابیان لە خوێندن بێبەش ببن".
سەرۆکى حکومەت وتیشى "هیواى ئێمە ئەوەیە کە بەمنزیکانە قەیرانى مووچە بەرەو کۆتایى بچێت و ئیشەڵا ئەم کێشەیە ئیتر نامێنێ، فەرمانبەران و بەتایبەت مامۆستایان مافەکانى خۆیان بە بەردەوامى وەردەگرن".
مەسروور بارزانى ئاماژەى بەوەش کرد کە "زیاتر لە ٢٠٠ قوتابخانەى نوێ دروستکراون و نزیکەى دوو هەزار قوتابخانەیش نۆژەن کراونەتەوە".
هەروەها داواى لە مامۆستایان، قوتابیان و دایک و باوکان کرد کە "بابەتەکانى نیشتمانپەروەرى و ژینگەپارێزى ببێتە بەشێکى زۆر گرنگ لە سیستەمى پەروەردەى هەر قوتابخانەیەکدا".
دەسپێکردنى پرۆسەى خوێندن لەکاتێکدایە کە مانگى نۆ لە کۆتا ڕۆژەکانیدایە و هێشتا مووچەى مانگى حەوت لە هەرێمى کوردستان دابەش نەکراوە، ئەوەش ناڕەزایەتیى ماماۆستایانى بەدواى خۆیدا هێناوە و بەشێک لە مامۆستایان ئامادە نین بەبێ مووچە بگەڕێنەوە هۆڵەکانى خوێندن.
هاوکات لە سلێمانى، لە قوتابخانەى مەڵکەندى زەنگى دەستپێکى ساڵى نوێى خوێندن لێدراو نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى، لە وتەیەکدا وتى "هەموو هاوکارییەکى مامۆستایان دەکەین لە دانانى خشتە و دەوامکردن و هاتووچۆکردنیان، لەپێناو بەردەوامیى پرۆسەى خوێندن و بەڕێکردنى ساڵێکى بێ بایکۆت".
سەبارەت بە کێشەى مووچەیش بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى وتى "ئەوەندەى بە ئێمە گەیشتووە، بەمنزیکانە کێشەى مووچە لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق چارەسەر دەکرێت".
نەژاد عەبدوڵڵا دەربارەى دروستکردنى ناوەندى نوێى خوێندنیش وتى "لە ساڵى ٢٠١٤ـەوە بەهۆى قەیرانى دارایى، سەرجەم ئەو ناوەندانەى خوێندن کە دروست دەکرێن، لەلایەن سەرمایەداران و خێرخوازانەوە بووە، بۆ ئەمساڵیش چوار ناوەندى نوێ دروستکراون کە لە ڕۆژانى ئایندەدا وەریان دەگرین".