تیمەکانى ڕاگەیاندن ئازاد کران؛ هەڵمەتى دەستگیرکردنەکەى سلێمانى بۆ ڕێگرى لە خۆپیشاندان بوو یان 'پیلانى تێکدانى ئارامى'؟
پەرەگراف
ئاسایشی سلێمانی ئازادکردنى ئەندامانى تیمە ڕۆژنامەوانییەکانى ڕاگەیاند، کە بەیانیى ئەمڕۆ لە چوارچێوەى ڕێگرى لە ڕووماڵى خۆپیشاندانەکان، دەستگیرى کردن. هێشتا نوێنەرانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى ئازاد نەکراون. سەنتەرى میترۆ "سەرکۆنەى توند"ـى هەڵمەتى دەستگیرکردنەکە دەکات و بە "دەستبەسەرکردنى نایاسایى" ناوى دەبات، داوا دەکات "دەستبەجێ سەرجەم ڕاگیراون ئازاد بکرێن".
لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕووماڵى ئەو خۆپیشاندانەى کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، چوونە شوێنى خۆپیشاندانەکە، لەلایەن ئەو هێزە ئەمنییە زۆرەى کە بڵاوەیان پێ کرابوو، سەربارى ڕێگرى لە ڕووماڵ، زۆرینەیان دەستگیر و دەستبەسەریش کران.
بەپێى زانیارییەکانى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە ڕۆژنامەنووسان، هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى نزیکەى ١٠ تیمى ڕۆژنامەوانییان دەستبەسەر کردووە، کە لە ١٨ پەیامنێر، وێنەگر و شۆفێر پێک هاتبوون، دواى چەند کاتژمێرێک هێشتنەوەیان بە دەستبەسەرى، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ئازادیان کردن.
جگە لە ڕۆژنامەنووسان، ئاسایشى سلێمانى لە ٤٨ کاتژمێرى ڕابردوودا نزیکەى ١٥ چالاک و مامۆستاى ناڕازیى دەستگیر کردووە کە زۆرینەیان ڕێکخەرى خۆپیشاندانەکە بوون، تا ئێستایش ئازادى نەکردوون.
هەر بەیانیى ئەمڕۆیش هێزە ئەمنییەکان لە شارى سلێمانى، هەریەک لە عەلى حەمەساڵح، بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست و د. غالب محەمەد و د. ڕێبوار کەریم، ئەندامانى دەستەى بەڕێوەبەریى ڕەوتەکە، هەروەها عومەر گوڵپى، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى عێراقیان دەستگیر کرد و پاش چەند کاتژمێرێک ئازادیان کردن.
میدیای فەرمیی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنیی سلێمانییەوە، هەڵمەتی دەستگیركردنەكەی بۆ بوونی "پیلانێك بۆ تێكدانی ڕەوشی سلێمانی" گەڕاندووەتەوە و دەڵێت "پیلانی شێواندنی ئارامیی سلێمانی شكستی هێنا".
ئەو سەرچاوە ئەمنییە كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، جەختی كردووەتەوە كە "پیلانەكە هیچ پەیوەندییەكی بە مامۆستایانەوە نەبووە"، بانگەشەی ئەوەش دەكات كە هەڵمەتی دەستگیركردنەكە "بۆ پاراستنی مامۆستایان بووە، چونكە بەهۆی بێئاگاییان لە پیلانەكە، سووربوون لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە".
سەرچاوە ئەمنییەكە دەڵێت "لایەنێك دەیویست لەناو خۆپیشاندەرانەوە تەقە بكات و خەڵك بكوژرێت، تا لە ڕێگەی تێكدانی ئارامیی شارەوە، مەرامەكانی جێبەجێ بكات".
"پێشتریش كە لەلایەن لیژنەی ئەمنیی سلێمانییەوە مۆڵەتی خۆپیشاندان بە مامۆستایان نەدرا و ڕاگەیەندرا كە ڕەوشەكە هەستیارە، مەبەست لە هەستیاریی دۆخی نێودەوڵەتی و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران نەبوو، بەڵكو زانیاریی سەرەتایی سەبارەت بە پیلانی تێكدانی شار هەبوو، كە دواتر زانیارییەكان پشتڕاست كرانەوە"، سەرچاوە ئەمنییەكە وا دەڵێت.
پاش ئەوەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى سوور بوون لەسەر ئەنجامدانى خۆپیشاندان بۆ داواکردنى مووچە و مافەکانى دیکەیان، لە شەوى ڕابردووەوە هێزى ئەمنى لەناو شارى سلێمانى بڵاوەى پێ کرا، ڕێگە بە هیچ جووڵەیەکى ناڕەزایەتى و ڕووماڵى میدیا نەدرا.
پێشتر لیژنەى باڵاى ئەمنیى پارێزگاى سلێمانى، بە پاساوى "هەستیارى و نەگونجاویى دۆخەکە بۆ خۆپیشاندان"، داواى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى کرد خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆیان بۆ "کاتێکى سەقامگیرتر" دوا بخەن.
ڕۆژى ٢١ـى ئەم مانگە، مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە بەرانبەر پێنەدانى مووچەکانیان، بانگەوازێکیان بۆ دەستپێکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان ئاراستەى چین و توێژە جیاوازەکان و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد و ڕۆژى پێنجشەممەیان بۆ خۆپیشاندان دیارى کرد.
ناوی تیمەکانی ڕاگەیاندن کە دەستگیر کرابوون:
١- پێشەوا نەوزاد - کامێرامان
٢- نەبەز هیدایەت - پەیامنێر
٣-هانا مەحموود - پەیامنێر
٤- دژوار عومەر- کامێرامان
٥- حەسەن محەمەد - شۆفێر
٦- محەمەد سەعدوڵڵا - وێنەگر
٧- سەرکۆ حەمە فائق - وێنەگر
٨- محەمەد دڵشاد - پەیامنێر
٩- شادۆست فەرهاد - پەیامنێر
١٠- کاروان عیمران - شۆفێر
١١- سیروان عەلی- شۆفێر
١٢- مەهران ڕەمەزان - پەیامنێر
١٣- نزار ستار- وێنەگر
١٤- ژیلیا عەلی - پەیامنێر
١٥- ئیبراهیم ساڵح - پەیامنێر
١٦ـ ئەیوب عەزیز - وێنەگر
١٧- وشیار محەمەد - پەیامنێر
١٨- هێمن محەمەد - وێنەگر