لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران: خۆپیشاندان بۆ ‏كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن

24-06-2025 12:17

پەرەگراف

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ‏دەكات خۆپیشاندانە بڕیارلێدراوەكەی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ "كاتێكی سەقامگیرتر" ‏دوابخەن و دەڵێت "ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم دۆخە هەستیارەی ‏ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت، گونجاو نابێت".‏

لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان، بۆ ماف ‏و داوا ڕەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی؛ دەردەبڕین ‏و باری دژواری ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی ‏مووچەوە، لەبەرچاو دەگرین. لەگەڵ ئەوەشدا؛ بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە ‏دەنگی مووچەخۆران و ناڕەزایەتییەكانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەكانی ‏هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ".‏

‏ لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت "وەك چۆن پێشتر هاوكار و ‏هەماهەنگ بووین لە پرسی پاراستن و هێنانەكایەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ‏خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بە سوپاس و ‏پێزانینەوە، داوا دەكەین خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن، تا ‏هاوكار و هەماهەنگ بین لە گەیاندنی پەیامەكانیان بەشێوەیەكی شارستانییانە و ‏دوور لە هەر ئەگەرێكی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو".‏

نوێ‌ دەكرێتەوە...‏