پەرەگراف
مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، لە بەرانبەر پێنەدانى مووچەکانیان، بانگەوازێک بۆ دەستپێکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان ئاراستەى چین و توێژە جیاوازەکان و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەن. ئەوان ڕۆژى پێنجشەممەیان بۆ خۆپیشاندان دیارى کردووە و دەڵێن "نەبوونى مووچە کارەساتى بەسەر ژیان و گوزەرانى هەمواندا هێناوە، بۆیە بڕیارمان داوە دیوارى بێدەنگى بشکێنین".
نوێنەرانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە ٢١-٠٦-٢٠٢٥ لە سلێمانى ئەنجامیان دا، ڕوو لە هەموان و بە تایبەت حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان وتیان "داواکارین بە گیانێکى بەرپرسیارانە لەگەڵ خەڵکى برسیکراو بێنە مەیدان و واز لە قسەى سەر شاشە و ڕاگەیاندنەکان بهێنن".
مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت بە هەموان لە ڕێگەى دەستپێکردنەوەى ناڕەزایەتییەکانەوە فشار لەسەر دەسەڵاتدارانى هەرێم دروست بکەن کە یان مووچە دابەش بکات، یان ناو و زانیارییەکان تایبەت بە فەرمانبەران بۆ بەغدا بنێرن، تا مووچە تەوتین بکرێت.