هێزى ئەمنى لە سلێمانى ڕێگرى لە خۆپیشاندان دەکات؛ عەلى حەمەساڵح دەستگیر کرا

26-06-2025 08:56

پەرەگراف

هێزى ئەمنیى زۆر لەناو شارى سلێمانى و بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە بڵاوەى پێ کراوە، ڕێگرى لە خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى دەکەن و ڕێگە بە ڕووماڵى میدیاکانیش نادەن. عەلى حەمەساڵح، بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست و دوو بەرپرسى دیکەى ڕەوتەکەش دەستگیر کران.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، بەیانیى ئەمڕۆ هێزێکى ئەمنى لە شارى سلێمانى، هەریەک لە عەلى حەمەساڵح، بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست و د. غالب محەمەد و د. ڕێبوار کەریم، ئەندامانى دەستەى بەڕێوەبەریى ڕەوتەکە، لەلایەن هێزێکى ئەمنییەوە دەستگیر کراون.

ئەو بەرپرسانەی ڕەوتی هەڵوێست لەناو بارەگای ڕەوتەکە لە شاری سلێمانی دەستگیر کراون.

پاش ئەوەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى سوور بوون لەسەر ئەنجامدانى خۆپیشاندان بۆ داواکردنى مووچە و مافەکانى دیکەیان، لە شەوى ڕابردووەوە هێزى ئەمنى لەناو شارى سلێمانى بڵاوەى پێ کراوە، ڕێگە بە هیچ جووڵەیەکى ناڕەزایەتى و ڕووماڵى میدیا نادەن.

کەناڵى پەیام بڵاوى کردەوە، تیمى ڕۆژنامەوانیى کەناڵەکە کەمێک لەمەوبەر لە کاتى هەوڵدان بۆ ڕووماڵى خۆپیشاندانەکانى سلێمانى، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.

سەربارى ڕێگرییەکان، مامۆستایان و فەرمانبەران سوور لەسەر ئەوەى کە ئێوارەى ئەمڕۆ خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

زیاتر لە ١٠ نوێنەرى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى کە ڕێکخەرى خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆ بوون، لە هەڵمەتێکدا لە ماوەى ٤٨ کاتژمێرى ڕابردوودا دەستگیر کراون و هێشتا ئازاد نەکراون.

هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى، لەسەر بنەماى ڕاگەیەندراوێکى لیژنەى باڵاى ئەمنیى پارێزگاکە، بە پاساوى "هەستیارى و نەگونجاویى دۆخەکە بۆ خۆپیشاندان"، ڕێگرى دەکەن لە خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى.

ڕۆژى ٢١ـى ئەم مانگە، مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە بەرانبەر پێنەدانى مووچەکانیان، بانگەوازێکیان بۆ دەستپێکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان ئاراستەى چین و توێژە جیاوازەکان و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد و ڕۆژى پێنجشەممەیان بۆ خۆپیشاندان دیارى کرد.

لە بەرانبەردا، ڕۆژى ٢٥-٠٦-٢٠٢٥، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی داواى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ‏کرد خۆپیشاندانە بڕیارلێدراوەكەی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ "كاتێكی سەقامگیرتر" ‏دوابخەن و وتى "ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم دۆخە هەستیارەی ‏ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت، گونجاو نابێت".‏