ئاسایشی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دەستگیر كرد

25-06-2025 01:49

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دەستگیر كرد كە ڕێكخەری خۆپیشاندانەكەی سبەینێ‌ بوون. چەند نوێنەرێكی دیكەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سووربوونی خۆیان لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە ڕاگەیاند و دواتر ئەوانیش لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كران.

پێنج ڕۆژ لەمەوبەر، مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە بەرانبەر پێنەدانى مووچەکانیان، بانگەوازێکیان بۆ دەستپێکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان ئاراستەى چین و توێژە جیاوازەکان و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد و ڕۆژى پێنجشەممەیان بۆ خۆپیشاندان دیارى کرد.

لە بەرانبەردا، دوێنێ ٢٥-٠٦-٢٠٢٥، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی داواى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ‏کرد خۆپیشاندانە بڕیارلێدراوەكەی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ "كاتێكی سەقامگیرتر" ‏دوابخەن و وتى "ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم دۆخە هەستیارەی ‏ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت، گونجاو نابێت".‏

نوێنەرانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى بەنیاز بوون ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا سووربوونى خۆیان لەسەر ئەنجامدانى خۆپیشاندانەکەى سبەینێ دووپات بکەنەوە، بەڵام بەر لەوە ژمارەیەکى زۆریان دەستگیر کران.

هەڵمەتى دەستگیرکردنەکە لە شەوى ڕابردووەوە دەستى پێ کردووە. ژمارەیەک لە نوێنەرانى مامۆستایانیش کە ئەمڕۆ کۆنگرەى ڕۆژنامەوانییان لەسەر دەستگیرکردنى هاوڕێکانیان و سووربوون لەسەر خۆپیشاندان ئەنجام دا، دواى کۆنگرەکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کران.