چەند پەیامێک لە مەسروور بارزانییەوە بۆ بەغدا

10-06-2025 08:01

پەرەگراف

مەسروور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕاگرتنی مووچەوە، "بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو نابێت". تۆمەتباریشیان دەکات بە ڕێزنەگرتن لە "مافە دەستووری و ڕێکەوتنەکان".

لە کاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەی ڤیزت کوردستان بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وتی "بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی پێشکەوتنی خۆی بوەستێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەتی کردەوە "بە دڵنیاییەوە لەم هەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن" و وتیشی "ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە".

مەسروور بارزانی ڕایگەیاند "خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین".

وەکوو مەسروور بارزانی دەڵێت، حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی "زۆر بە زیادیشەوە" جێەجێ کردووە، بۆیە چاوەڕێییان کردووە کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام وەکوو ئەو دەڵێت "ڕێز لە مافە دەستوورییەکان و تەنانەت لەو ڕێکەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە".

"بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور قەوارەیەکی یاسایی دەستوورییە، دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن"، سەرۆکی حکومەتی هەرێم وا دەڵێت.

ئەم پەیامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە كە 10 ڕۆژ لە مانگی شەش تێپەڕیوە و هێشتا مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەكراوە. بەر لە جەژنیش وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی پێنجەوە بە نووسراوێك وەڵامی حكومەتی هەرێمی دەیەوە و ڕایگەیاند، پشكی 12.67%ـی هەرێم كە لە بودجەدا دیاری كراوە، تەواو بووە و چیتر ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت.

نووسراوەكە كە ڕۆژی چوارشەممە 28-05-2025 بە واژووی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراوە و تێیدا دەشڵێت "تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران (تەوتین)ـی جێبەجێ نەكردووە".

ئەم نووسراوە لە كاتێكدایە كە هێشتا چوار مووچەی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان دابەش كراوە، بەمەش چارەنووسی ئەو هەشت مووچەیەی كە ماوە دەكەوێتە مەترسییەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧-٠٥-٢٠٢٥، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، بە ئەگەری بەهێزەوە مووچەی مانگی پێنج لە كاتی خۆیدا ‏و بەر لە جەژنی قوربان دابەش ناكرێت، لەبەر ئەوەی ‏وەزارەتی دارایی هەرێم داوای كردووە ‏مووچەكە پاكتاو بكرێت و بكرێت بە ئەمانات لە ‏ئەستۆی حكومەتدا. سەرچاوەكە وتیشى "وەزارەت ‏كاتێك ئەم بڕیارە دەدات كە بزانێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو و یان زیاتر ناتوانێت مووچە دابەش بکات".‏