وەزیری دارایی عێراق: پشکى هەرێم تەواو بووە و چیتر ناتوانم پارە بنێرم

28-05-2025 05:20

پەرەگراف

وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی پێنجەوە بە نووسراوێك وەڵامی حكومەتی هەرێم دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پشكی 12.67%ـی هەرێم كە لە بودجەدا دیاری كراوە، تەواو بووە و چیتر ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت.

نووسراوەكە كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 28-05-2025 بە واژووی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراوە و تێیدا دەشڵێت "تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران (تەوتین)ـی جێبەجێ نەكردووە".

ئەم نووسراوە لە كاتێكدایە كە هێشتا چوار مووچەی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان دابەش كراوە، بەمەش چارەنووسی ئەو هەشت مووچەیەی كە ماوە دەكەوێتە مەترسییەوە.

دوێنێ سێشەممە ٢٧-٠٥-٢٠٢٥، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، بە ئەگەری بەهێزەوە مووچەی مانگی پێنج لە كاتی خۆیدا ‏و بەر لە جەژنی قوربان دابەش ناكرێت، لەبەر ئەوەی ‏وەزارەتی دارایی هەرێم داوای كردووە ‏مووچەكە پاكتاو بكرێت و بكرێت بە ئەمانات لە ‏ئەستۆی حكومەتدا. سەرچاوەكە وتیشى "وەزارەت ‏كاتێك ئەم بڕیارە دەدات كە بزانێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو و یان زیاتر ناتوانێت مووچە دابەش بکات".‏

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی نووسراوەكەی تەیف سامییەوە بە پەرەگرافی وت "وەزارەتی دارایی عێراق كە دەڵێت پشكی هەرێم تەواو بووە، هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ حیساب كردووە، لەگەڵ ئەو پارەیەی كە خۆی ناردوویەتی".

ئەو پەرلەمانتارە، نووسراوەكە بە "كێشمەكێش و پێشهاتێكی نوێ‌" ناو دەبات و ئاماژە بەوە دەكات كە "ساڵی ڕابردوو بۆ بودجەی ٢٠٢٤، لە مانگی ١٠دا ئەمە ڕووی دا، ئەمساڵ لە مانگی پێنجدا وەزارەتی دارایی عێراق وا دەڵێت".

وەزیری دارایی عێراق لە سەرەتای نووسراوەكەیدا دەڵێت "بەگوێرەی ئەوەی لە نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری و بەشی جووڵەی پارەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، هەروەها بەگوێرەی نووسراوی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، كۆی داهاتی ڕادەستكراوی نەوتی و نانەوتی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ ساڵەكانی 2023 و 2024 و تا مانگی نیسانی 2025، تەنیا 199 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار دینار بووە".

وەزیری دارایی عێراق خشتەی وردەكاریی ئەو داهاتانەی خستووەتە ڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی كردووە و دەشڵێت "لەسەر ئەم بنەمایە، هەرێمی كوردستان ڕێژەی 12.67%ـی تێپەڕاندووە كە لە یاسای بودجەدا بۆی دیاری كراوە و بڕی 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارە".

تەیف سامی لە كۆتایی نووسراوەكەشدا ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی یاسای بوجەی گشتی و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، ناتوانێت بەردەوام بێت لە پارەداركردنی هەرێمی كوردستان، چونكە "پێچەوانەی یاسا و بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵییە". دەشڵێت "ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران (تەوتین)ـی جێبەجێ نەكردووە".