پێش جەژن مووچەی مانگی پێنج دابەش دەكرێت؟

27-05-2025 12:55

پەرەگراف

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە ئەگەری بەهێزەوە مووچەی مانگی پێنج لە كاتی خۆیدا ‏و بەر لە جەژنی قوربان دابەش ناكرێت، لەبەر ئەوەی ‏وەزارەتی دارایی هەرێم داوای كردووە ‏مووچەكە پاكتاو بكرێت و بكرێت بە ئەمانات لە ‏ئەستۆی حكومەتدا. سەرچاوەكە دەڵێت "وەزارەت ‏كاتێك ئەم بڕیارە دەدات كە بزانێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو و یان زیاتر ناتوانێت مووچە دابەش بکات".‏

ئەمڕۆ 27-05-2025، سەرچاوەیەكی ئاگادار و پەیوەندیدار بە پەرەگرافی ‏ڕاگەیاند ‏‏"بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەكان، وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ‏ئاگادار كردووەتەوە كە ‏مووچەی مانگی پێنج پاكتاو بكەن و بە مۆڵەتنامەی یەكلاییكردنەوە بكرێت ‏بە ئەمانات لە ‏ئەستۆی حكومەتدا".‏

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ئەم بڕیارە بە مانای ئەوە دێت كە مووچەی مانگی ‏پێنج لە كاتی خۆیدا ‏دابەش ناكرێت و دەكەوێتە دوای جەژن، بۆیە وەكوو ‏ڕێكارێكی ئیداری دەبێت بە نووسراو بكرێت ‏بە ئەمانات تا ئەو كاتەی مووچە ‏ئامادە دەبێت بۆ دابەشكردن".‏

سەرچاوەكەی پەرەگراف هۆكاری ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی بۆ دوو خاڵ ‏گەڕاندەوە "یەكەم: ‏هێشتا خەرجكردن و دابەشكردنی مووچە لە عێراق كۆتایی ‏نەهاتووە و جارێ‌ مووچەی هەرێم ‏خەرج ناكرێت. دووەم: لیستی مووچەی ‏مانگی پێنجی هەرێم كەمێك درەنگ ڕادەستی وەزارەتی ‏دارایی عێراق كرا، بۆیە ‏پێناچێت بەر لە جەژن وردبینیكردنی كۆتایی بێت".‏

ڕۆژی ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٥، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.

وەكوو ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێ‌ دا، ئەو كێشە نوێیانەیش كە بەهۆی گرێبەستی ‏حكومەتی هەرێم ‏و كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ‏ئاراوە، ئەگەری زۆرە كاریگەریی لەسەر ‏مووچەیش هەبێت.‏

‏‏"ناردنی مووچە پەیوەندیی بە ویستی بەغداوە هەیە، ئەگەر بیانەوێت بەر لە جەژن دەینێرن، ‏بەڵام ڕەنگە وەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیا بێت لەوەی كە بەغدا بەمزووانە مووچەی ‏مانگی پێنج ‏نانێرێت، بۆیە دەیكات بە ئەمانات"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.‏