یەکەم حاڵەتى گیانلەدەستدان بە تاى خوێنبەربوون لە هەرێمى کوردستان تۆمار کرا

10-05-2025 08:51

پەرەگراف

یەکەم حاڵەتى گیانلەدەستدان بە تاى خوێنبەربوون لە هەرێمى کوردستان تۆمار کرا. کەسەکە ژنێکى تەمەن ٤٥ ساڵە و پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەى فێرکاریى دهۆک، بەیانى ئەمڕۆ گیانى لەدەست داوە.

بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى دۆهۆک ڕایگەیاند "نەخۆشەکە ٧ـى ئەم مانگە لە قەزاى ئامێدییەوە ڕەوانەى نەخۆشخانەى ئازادیى فێرکاریى دهۆک کراوە و پاش ناردنى پشکنینەکانى بۆ بەغدا، پشتڕاست کراوەتەوە کە تووشبووى تاى خوێنبەربوونە".

تەندروستیی دهۆك دەشڵێت "ئەو كەسەی گیانی لەدەست داوە، دانیشتووی كۆمەڵگەی شیلادزێیە لە قەزای ئامێدی". جەختیش دەكاتەوە كە "هیچ حاڵەتێكی دیكەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆك تۆمار نەكراوە".

ڕۆژى ٠٢-٠٥-٢٠٢٥، وەزارەتى تەندروستیى هەرێم تۆمارکردنى یەکەم حاڵەتى تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونى لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و وتى "هاووڵاتییەکی شاری کۆیەیە کە تەمەنی ٤٢ ساڵە و پیشەی گۆشتفرۆشییە".

تا ئێستا لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق ٥٤ حاڵەتى تووشبوون بە تاى خوێنبەربوون تۆمار کراون کە هەشت تووشبوویان گیانیان لەدەست داوە. زۆرترین حاڵەتى تووشبوون بە ١٧ حاڵەت لە پارێزگاى زیقاد تۆمار کراوە، لە کەرکووکیش پێنج حاڵەت تۆمار کراوە کە چواریان گیانیان لەدەست داوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕێکاری تووندى بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون گرتووەتە بەر، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک ڕێنمایی دەرکردووە و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات هاوکار بێت بۆ جێبەجێکردنیان.

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ساڵانی ڕابردووش ئەو پەتایە لە عێراق و كوردستان بڵاو بووەتەوە و بەهۆیەوە چەندین كەس گیانیان لەدەست داوە.

ساڵى ٢٠٢٣ تووشبوون و گیانلەدەستدان بە تاى خوێنبەربوون لە عێراق و هەرێم لە ئاستێکى بەرزدا بوو. وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ئەوکات لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە عێراقدا ٢٦٥ حاڵەتی ‏پشتڕاستكراوەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و لە هەرێم ١١ حاڵەت تۆمار كراون، لە ‏عێراق ٦٩ تووشبوو و لە هەرێم پێنج تووشبوو گیانیان لەدەست داوە".‏

نیشانەكانی تای خوێنبەربوون ئەوەیە؛ نەخۆشەكە تووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت. لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.

* یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا

* تەندروستیی هەرێم ڕێکاری تووند دەگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون