سۆران عومەر: بەغدا مەرجى بۆ ناردنى مووچەى مانگى یەک هەیە و بۆ مانگى ١٢یش پارەى تر نانێرێت
پەرەگراف
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "وەزارەتی دارایی عێراق مەرجی بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵ هەیە كە دیارترینیان بەبانكیكردنی مووچە (تەوتین)ـە". سەبارەت بە مووچەی مانگی ١٢ـی ساڵی ڕابردوویش دەڵێت "هیچ پارەیەكەی دیكە نانێردرێت و دەبێت هەرێم كورتهێنانەكەی لە داهاتی نانەوتی پڕ بكاتەوە كە شەش مانگە ڕادەستی نەكردووە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەمڕۆ لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری دیكە سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقیان كردووە. لەبارەی ئامانجی سەردانەكەوە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقمان كرد بۆ بەدواداچوونی ژمارە جیاوازەكانی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەو ئامارە جیاوازانەی بڵاو كرانەوە سەبارەت بە تەرخانكراوەكان و پارەداركردن و ئەوەشی كە نێردراوە".
لەبارەی كێشەی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی ڕابردووەوە، سۆران عومەر دەڵێت "وەزارەتی دارایی عێراق پێی ڕاگەیاندین كە هەرێمی كوردستان داوای 430 ملیار دینار گواستنەوەی كردبوو، بۆیان كردووە. 441 ملیار دیناریشیان بۆ مووچەی مانگی 12 ناردووە. هیچ پارەیەكی دیكە نانێردرێت و ژمێركاری داخراوە".
وەزارەتی دارایی عێراق جەختی كردووەتەوە كە "مووچەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 تەواو بووە و سۆران عومەر دەڵێت "لە وەزارەتی دارایی عێراق بەڵگەكانیان خستەڕوو". بۆ چارەسەریش وتوویانە "كورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی ناوخۆ پڕ بكەنەوە، چونكە شەش مانگە بۆ بەغدا نەنێردراوە".
دەربارەی مووچەی مانگی یەكی 2025ـیش، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە كە "بە مەرج" دەینێرن. پەرلەمانتارەكەی عێراق بە پەرەگرافی وت "بۆ مووچەی مانگی كانوونی دووەم، سەرۆكوەزیرانی عێراق نووسراوی كردووە كە مووچە بەبانكی (تەوتین) بكرێت. عێراق كۆمەڵێك مەرجی داناوە بۆ مووچەی مانگی یەك، كە گرنگترینیان تەوتینە".
جگە لە تەوتین، عێراق داوا دەكات "كێشەكانی لیستی مووچە بەگشتی چارەسەر بكرێن" وەكوو سۆران عومەر دەڵێت "لەوانە كێشەكانی لیستی مووچە، گرنگترینیان لیستی ژمێریاری، ژمارەی وەزیفی و بایۆمەتری و (UPN)".
ئەگەر داواكارییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێ نەكرێن، ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە "مووچەی مانگی یەك كێشەی بۆ دروست دەبێت".
مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو، حكومەتی هەرێم تاكلایەنە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی هاوتای خانەنشینانی عێراق كرد، لەكاتێكدا ئەو بابەتە لیژنەیەكی هاوبەشی لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ پێكهێنراوە و هێشتا بڕیاری كۆتاییان نەداوە. وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەخنەی ئەوە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەگرێت كە مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی خەرج ناكات.
سۆران عومەر ڕایگەیاند "دارایی عێراق دەڵێت: بابەتی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان لەلایەن لیژنە هاوبەشەكەی نێوان هەردوو وەزارەت هێشتا بڕیاری لێ نەدراوە، ئێمە بۆ هاوتاكردن بودجەی تەرخانكراومان نەبووە، هەرێم یەكلایەنە ئەو خەرجییەی كردووە، كە لە مووچەی خانەنشینیی شارستانی مانگانە 92 ملیار دینار زیادەی خەرج كردووە".
چەند ڕۆژێکە هەردوو وەزارەتى دارایى هەرێم و عێراق لە وەڵامى یەکتریدا زانیارى و ژمارەى جیاواز لەبارەى مووچەوە بڵاو دەکەنەوە و یەکتر تۆمەتبار دەکەن، ئەوەش لەبرى بەرچاوڕوونى، سەرلێشێواویى زیاترى لاى مووچەخۆرانى هەرێم دروست کردووە. مووچەخۆران دەشڵێن "هەرچییەک بێت، دواجار حکومەتى هەرێم بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە دابینکردنى مووچەى ئێمە و پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات".