وەزارەتی دارایی عێراق: پارەی تەواوی مووچەی 2024مان بۆ هەرێم ناردووە

12-01-2025 06:50

 پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: پارەی تەواوی مووچەی ساڵی 2024مان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە دابەشکردنی مووچەو داهاتە نانەوتییەکانیشی ڕادەست نەکردووە.

وەزارەتەکە ئەوە دەخاتەڕوو، پارەى مووچە بۆ خانەنشینان، پاراستنى کۆمەڵایەتى، فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازیی بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان ناردووە، سەرەڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە ناردنى داهاتى نانەوتى ئەوەش  بە پێچەوانەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵىیە.

وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت، مانگانە مووچەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشکردنی وەکو خۆی بەپێی مانگەکان، "بەگوێرەى تەرازووى پێداچوونەوەى داهات و خەرجی، داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستان چوار تریلیۆن و 350 ملیار دینار بووە".  

"هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشکردنى مووچە بەشێوەى مانگانە، سەرەڕاى ئەوەى بە هاوشێوەى فەرمانبەرانى دیکەى عێراق پارەى مووچەمان بۆ ناردوون"، دارایی عێراق دەشڵێت "ئێمە بەرپرسیار نین لە خەرجنەکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەکاتى خۆیدا".

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت بە کۆی گشتی، 11 ترلیۆن و 561 ملیار دینارمان بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناردووە لە 2024دا بەم شێوەیە:

9 ترلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن دینار بۆ موچەی فەرمانگە مەدەنی و ئەمنییەكان

130 ملیارو 931 ملیۆن دینار بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی

650 ملیارو 40 ملیۆن دینار بۆ خانەنشینی سەربازی

776 ملیارو 657 ملیۆن دینار بۆ خانەنشینی مەدەنی

338 ملیارو 479 ملیار  دینار بۆ قوربانیانی ئەنفال

10 ملیارو 721 ملیار دینار بۆ زیندانیان