پارێزگاى سلێمانى بە فەرمى داواى دەستپێکردنى تەوتین دەکات

17-11-2024 06:10

پەرەگراف

پارێزگای سلێمانی بە نووسراوێكی فەرمی داوا لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكات پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگاكە (تەوتین) بەپێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دەست پێ بكات.

نووسراوەکە کە وێنەیەکى دەست پەرەگراف کەوتووە، ڕۆژی ٤ـی ئەم مانگە بە واژووی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی، ئاڕاستەی بانكی ناوەندیی عێراق كراوە.

لە نووسراوەکەدا، جێگرى پارێزگارى سلێمانى ئاماژەى بە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بۆ تەوتینکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە ٢٩-٢-٢٠٢٤ کردووە و داوا لە بانکى ناوەندى دەکات "بانکە پەیوەندیدارەکان ڕابسپێرن بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە و گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ بەبانکیکردنى مووچەى سەرجەم فەرمانبەرانى پارێزگاى سلێمانى".

بەپێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیى عێراق، هەر پارێزگا یان تەنانەت فەرمانگەیەکى هەرێمى کوردستانیش دەتوانێت سەربەخۆ لیستى ناوى مووچەخۆران و زانیارییە پێویستەکان ئاراستەى بانکە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى.

یەک ڕۆژ بەر لەم نووسراوەى جێگرى پارێزگارى سلێمانى بۆ بانکى ناوەندى، بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بە فەرمی واژووكردنی گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و (پرۆژەی هەژماری من) بۆ "بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم" ڕاگەیاند.

بانكەكە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك ڕایگەیاند "گرێبەستەكە لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی سەرۆكوەزیران محەمەد شیاع سوودانی واژوو كراوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی بانكی بازرگانیی عێراقی، بەشداریكردنی بانكەكە لە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، "پێویستی"یەك بووە كە دادگای فیدراڵی و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش جەختیان لێ‌ كردووەتەوە.

بانكەكە زانیاریی لەبارەی شێوازی گرێبەستەكە و چۆنێتیی بەشداریكردنی لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەخستووەتە ڕوو، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشتری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بانكەكە وەكوو بانكێكی بەشدار لە پرۆژەی هەژماری من ئەو كارە دەكات.

بەپێی نامەیەكی پێشتری ئاوات جەناب نووری، وەیری دارایی هەرێم، كە ئاراستەی بانكی تی بی ئای كردووە، ئەم گرێبەستە لە 7ـی تەمووزی 2024 ڕێككەوتنـی لەبارەوە كراوە، بەڵام بانكەكە واژووكردنی دواخستووە.

پێشتر بانكی تی بی ئای لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ‏‏"بەپێی بڕیارەكەی ددگای فیدراڵی، پرۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو بانكە حكومییە ‏فیدراڵییانە دەكرێت كە لە دەرەوەی هەرێم كار دەكەن". وتیشی "لە ‏چوارچێوەی بانكە حكومییەكاندا" بەشدار دەبین لە تەوتین.‏

ڕۆژی 8-5-2024، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەدیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات". بەڵام هەمان ڕۆژ بانکى تى بى ئاى ڕایگەیاند "وەكوو پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق" بەشدارى لە پرۆسەکە دەکات.

ڕێككەوتنی نێوان بانكی تی بی ئای و حكومەتی هەرێم پاش زنجیرەیەك كۆبوونەوە هات، ئەوەش لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی بەشداریكردنی پرۆژەی هەژماری من لە بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، چونكە بڕیاری داگای فیدراڵی ڕێگر بوو لەوە.