ئاوات شێخ جەناب: تی بی ئای وەڵامی نامە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانمان ناداتەوە

04-08-2024 04:47

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان نیگەرانە لە بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) و نووسراوێكی پڕ لە سەرنج و گلەیی ئاراستە دەكات. ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، پرۆسەی دروستكردنی كارتی بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە بانكەكە زۆر سستە و تی بی ئای وەڵامی نامە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی حكومەتی هەرێم ناداتەوە.

هەر لە نووسراوەكەدا وەزیری دارایی هەرێم دان بەوەدا دەنێت كە بانكەكە گرێبەستی هاوبەشیی لەگەڵ پڕۆژەی هەژماری من واژوو نەكردووە، لە كاتێكدا پێشتر وەزارەتی دارایی بانگەشەی ئەوەی كرد كە بانكی (TBI) هاتووەتە ناو هەژماری منەوە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 22-7-2024، نووسراوێكی چەند خاڵیی ئاراستەی بانكی (TBI) كردووە، لە خاڵی یەكەمدا ڕەخنە لە بانكەكە دەگرێت كە زیاتر لە هەشت هەزار مووچەخۆری هەرێم ئەو بانكەی هەڵبژاردووە و دەبوو هەشت ئامێری نوێی ئەی تی ئێم لە هەرێمی كوردستان دابنێ، بەڵام "سێ مانگ تێپەڕیوە و هیچ بەرچاوڕوونییەكی لەبارەی ژمارەی ئامێرەكان و شوێنەكانیان نییە".

لە خاڵی دووەمدا، ئاوات شێخ جەناب تێبینیی لەبارەی "دواكەوتن"ـی دروستكردنی هەژماری بانكی و خشتەی ڕادەستكردنی كارتەكان خستووەتە ڕوو، بە جۆرێك كە "هەندێك كات دوو مانگی پێ‌ دەچێت" و دەڵێت "بانكەكە گرفتارە بەدەست دواكەوتنی ڕادەستكردنی كارتەكان بە تیمی هەژماری من".

وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان وردەكاریی ڕادەستكردنی ناوی هەشت هەزار و 36 مووچەخۆری هەرێمی بە بانكەكە خستووەتە ڕوو لە كاتی جیاوازدا، ئاماژە بەوە دەكات كە تا ئێستا "پێنج هەزار و 194 كارتی بانكی"یان گەڕێندراوەتەوە و ئەوانی دیكەیان ماون.

وەزیری دارایی هەرێم لە خاڵی سێیەمدا دەڵێت "بانكەكە تا ئێستا گرێبەستی هاوبەشی (گرێبەستی پڕۆژەی هەژماری من)ـی واژوو نەكردووە، كە لە 7ـی تەمووزی 2024 لەوبارەیەوە (ڕێككەوتن)ـی لەگەڵ ئەنجام دراوە و تێیدا ڕۆڵ و ئەرك و مافی هەر لایەنێك ڕوون كراوەتەوە".

لە خاڵێكی دیكەی نووسراوەكەدا، ئاوات شێخ جەناب نیگەرانیی خۆی دەخاتە ڕوو لەبارەی "وەڵامنەدانەوە"ـی تەلەفۆن و نامە ئەلكیترۆنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بانكی بازرگانیی عێراقەوە و دەڵێت "لە سێ مانگی ڕابردوودا بانكەكە تەنیا وەڵامی یەك نامەی ئەلیكترۆنیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی داوەتەوە، تا ڕادەیەكیی زۆریش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی فەرامۆش كردووە".

وەزیری دارایی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە "بەبانكیكردنی مووچەی كەرتی گشتی، پێویستی بە خاڵێكی پەیوەندیی تەرخانكراو هەیە، بۆ ئەوەی بەخێرایی وەڵامی پێویستییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بداتەوە، ئەوەش كارێكی سەرەكییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی پڕۆژەكە".

لە كۆتاییدا وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان داوا لە بانكی بازرگانیی عێراق دەكات "دەستبەجێ" ڕێكار بگرێتە بەر بۆ چارەسەری ئەو كێشانە. هەروەها داوایەك ئاراستەی سەرۆكی بانكەكە و تیمەكەی دەكات كە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی و تیمی هەژماری من.