فوئاد حسێن: كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارم لەگەڵ هاكان فیدان ئەنجام دا

15-08-2024 03:27

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی عێراق پاش كۆبوونەوەی لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتا توركییەكەی، دەڵێت "كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارمان ئەنجام دا". فوئاد حسێن پێشتر ڕایگەیاند كە بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی "ئەمنی و تیرۆر" چووەتە توركیا.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند "ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارم لەگەڵ جەنابی هاوڕێم هاكان فیدان (وەزیری دەرەوەی توركیا) ئەنجام دا، گفتوگۆمان كرد دەربارەی پەرەپێدانی هاوكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات".

فوئاد حسێن دەشڵێت "لە میانی دیدارەكەدا، باسمان لە ڕێگاكانی كاراكردنی ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییە كرد كە لە سەردانەكەی سەرۆك ئەردۆغان بۆ بەغداد واژوو كرا. جەختمان لەسەر گرنگیی قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش كردەوە".

شەوى ڕابردوو، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆكایەتیی شاندێك كە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەندامن تێیدا، گەیشتە ئەنقەرە.

فوئاد حسێن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕایگەیاند "گەیشتینە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بۆ ئەنجامدانی چەند دیدارێكی گرنگ و تاوتوێی ژمارەیەك پرسی جێی بایەخی هاوبەش دەكەین، لە سەروویانەوە دۆسیەی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەروەها پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات".

گرنگترین دۆسیە لای توركیا، دۆسیەی پەكەكەیە کە بە "تیرۆر" ناوى دەبات. لە دوای چەند بڕیارێكی بەغداد دژی ئەو پارتە لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەنقەرە چاوەڕوانی هەنگاوی زیاترە دژی پەكەكە.

دوای سەردانەكەی 22-4-2024ـی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ محمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، حكومەتی عێراق دوو بڕیاری دژی پەكەكە و پارتەكانی نزیك لەو دەركردووە.

بڕیاری یەكەم ناساندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە پارتێكی "قەدەغەكراو"، كە ئەو بڕیارە پاش كۆبوونەوەی سوودانی و ئەردۆغان لە هەمان ڕۆژدا لەلایەن وتەبێژی حكومەتی عێراقەوە ڕاگەیەندرا. پاش ماوەیەكیش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەت و دامودەزگاكانی دەوڵەتی ئاگادار كردەوە كە لە وتار و نووسراوە فەرمییەكاندا ئەو دەستەواژەیە بۆ پەكەكە بەكار بهێنن.

هەنگاوی دووەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ‌ ‏پارتی نزیك لە پەكەكە بوو كە لە ڕۆژی 1-8-2024 لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە دەركرا.

پارتی تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی ئەو سێ‌ پارتەن كە ‏بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە و تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ كە سەر بە پەكەكەن.‏ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەڵێت "بارەگاكانیان لە عێراق دادەخرێن و دەستیش بەسەر ماڵ و موڵكەكانیاندا ‏دەگیرێت".‏

ئەمە جگە لەوەى لە هەنگاوێکى هاوبەشدا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکووک و دهۆکیان دایە پاڵ "تۆڕێکی سەر بە پەکەکە" و وتيان "سێ کەسیان دەستگیر کراون"، هەرچەندە دواتر پەکەکە بە تووندی ئەو تۆمەتەى ڕەت کردەوە.

تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە، چاوەڕوانى هەنگاوى زیاتر لە حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات، بە جۆرێک کە پاش هاتنى ئەردۆغان بۆ هەولێر لە دواى سەردانەکەى بەغداد، سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا ئاشكرای کرد كە ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكەی هەولێردا بە بەرپرسانی هەرێمی ڕاگەیاندووە "ئیتر كاتی ئەوە هاتووە شتێك بە ناوی ‏دۆسیەی پەكەكە نەمێنێت". هەروەها داوای لێكردوون بۆ كارێكی لەو شێوەیە "ئاستی ‏هاوكارییەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" لەگەڵ توركیا بەرز بكەنەوە.