دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ‌ پارتی نزیك لە پەكەكەی دەركرد

06-08-2024 10:11

پەرەگراف

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ‌ ‏پارتی نزیك لە پەكەكەی دەركرد و بارەگاكانیان لە سەرتاسەری عێراق دادەخرێن.‏

پارتی تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی ئەو سێ‌ پارتەن كە ‏بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە و تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ كە سەر بە پەكەكەن.‏

ئەمە دووەم هەنگاوی حكومەتی عێراقە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، پێشتر لە 22-4-2024 ‏كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ یەكەم جار پەكەكە بە "ڕێكخراوی قەدەغەكراو" ناسێنرا.‏

بەپێ بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانەوە دەركراوە و وێنەیەكی دەست پەرەگراف ‏كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە كە لەسەر داوای فەرمانگەی كاروباری پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكان، بڕیاری داوە ‏بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتانە و "بارەگاكانیان لە عێراق دادەخرێن و دەستیش بەسەر ماڵ و موڵكەكانیاندا ‏دەگیرێت".‏

ئەوەش خراوە تەڕوو كە ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای سكاڵایەكی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دراوە، پاش ‏ئەوەی "لە لێكۆڵینەوەی فەرمانگەی كاروباری حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكان و زانیارییەكانی دەزگای ‏هەواڵگریی عێراق، ئەوە پشتڕاست كراوەتەوە كە ئەو سێ پارتە پەیوەندییان بە پەكەكەوە هەیە".‏

هەروەها لە نووسراوەكەدا داوا لە پارت و لایەنەكانی عێراق و دەرەوە كراوە كە "بە هیچ شێوەیەك لە ڕووی ‏دارایی و سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو سێ پارتە نەكەن".‏