پەرەگراف
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوا لە دامەزراوە و فەرمانگەكانی دەوڵەت دەكات كە لەمەودوا پەكەكە بە "ڕێكخراوی قەدەغەكراو" ناو بهێنن.
نووسراوێك لەوبارەیەوە بە واژووی فەلاح عەبوودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كاروباری كارگێڕی لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەفتەیەك لەمەوبەر دەرچووە و ئەمڕۆ گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق كراوە.
لە نووسراوەكەدا داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرجەم فەرمانگەكانی دیكەی كراوە كە لەسەر بنەمای فەرمانێكی محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە گوتار و نووسراوە فەرمییەكانیاندا پاشگری قەدەغەكراو بۆ پەكەكە بەكار بهێنن و بە (پارتی كرێكارانی كوردستانی قەدەغەكراو) ناوی بهێنن.
نووسراوەكە لەلایەن پەرلەمانەوە ئاراستەی فراكسیۆن و پەرلەمانتارەكانیش كراوە، نووسراوی هاوشێوەش ئاراستەی فەرمانگە و دامەزراوەكانی دیكەی دەوڵەت دەكرێت و لەمەودوا حكومەتی عێراق وەكوو "ڕێكخراوی قەدەغەكراو" مامەڵە لەگەڵ پەكەكە دەكات.

بۆ یەكەم جار لە سەردانەكەی ڕۆژی 22-4-2024ـی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕێككەوتن لەبارەی ناساندنی پەكەكە وەكوو "ڕێكخراوی قەدەغەكراو". هەر هەمان ڕۆژ وتەبێژی حكومەتی عێراق پەكەكەی بە "ڕێكخراوی قەدەغەكراو" ناساند.
* ئەردۆغان لەبارەی دۆسیەی پەكەكە داوای چیی لە عێراق و هەرێم كرد و چیی دەست كەوت؟