وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ گفتوگۆ لەسەر 'تیرۆر' گەیشتە توركیا

15-08-2024 09:36

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆكایەتیی شاندێك كە وەزیری ناوخۆی هەرێم و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەندامن تێیدا، لە ئەنقەرەیە. فوئاد حسێن دەڵێت "دیدارى گرنگ دەربارەی دۆسیەی ئەمنی و تیرۆر" ئەنجام دەدەین.

شاندەكەی عێراق شەوی ڕابردوو گەیشتووەتە ئەنقەرە و ئەمڕۆ لەگەڵ بەپرسانی باڵای توركیا كۆدەبێتەوە. گەرمترین دۆسیە لای توركیا دۆسیەی پەكەكەیە و لە دوای چەند بڕیارێكی بەغداد دژی ئەو پارتە لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەنقەرە چاوەڕوانی هەنگاوی زیاترە دژی پەكەكە.

فوئاد حسێن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەڵێت "گەیشتینە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بۆ ئەنجامدانی چەند دیدارێكی گرنگ، لەنێویاندا دیدار لەگەڵ هاوڕێم هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا".

وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت "لە دیدارەكانماندا تاوتوێی ژمارەیەك پرسی جێی بایەخی هاوبەش دەكەین، لە سەروویانەوە دۆسیەی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەروەها پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات".

لە سەردانەكەدا هەریەك لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی یاوەریی فوئاد حسێن دەكەن.

دوای سەردانەكەی 22-4-2024ـی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ محمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، حكومەتی عێراق دوو بڕیاری دژی پەكەكە و پارتەكانی نزیك لەو دەركردووە.

بڕیاری یەكەم ناساندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە پارتێكی "قەدەغەكراو"، كە ئەو بڕیارە پاش كۆبوونەوەی سوودانی و ئەردۆغان لە هەمان ڕۆژدا لەلایەن وتەبێژی حكومەتی عێراقەوە ڕاگەیەندرا. پاش ماوەیەكیش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەت و دامودەزگاكانی دەوڵەتی ئاگادار كردەوە كە لە وتار و نووسراوە فەرمییەكاندا ئەو دەستەواژەیە بۆ پەكەكە بەكار بهێنن.

هەنگاوی دووەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ‌ ‏پارتی نزیك لە پەكەكە بوو كە لە ڕۆژی 1-8-2024 لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە دەركرا.

پارتی تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی ئەو سێ‌ پارتەن كە ‏بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە و تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ كە سەر بە پەكەكەن.‏ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەڵێت "بارەگاكانیان لە عێراق دادەخرێن و دەستیش بەسەر ماڵ و موڵكەكانیاندا ‏دەگیرێت".‏

تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە، چاوەڕوانى هەنگاوى زیاتر لە حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات، بە جۆرێک کە پاش هاتنى ئەردۆغان بۆ هەولێر لە دواى سەردانەکەى بەغداد، سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا ئاشكرای کرد كە ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكەی هەولێردا بە بەرپرسانی هەرێمی ڕاگەیاندووە "ئیتر كاتی ئەوە هاتووە شتێك بە ناوی ‏دۆسیەی پەكەكە نەمێنێت". هەروەها داوای لێكردوون بۆ كارێكی لەو شێوەیە "ئاستی ‏هاوكارییەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" لەگەڵ توركیا بەرز بكەنەوە.