پەرەگراف
لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ بەدواداچوونی لەشكركێشییەكانی توركیا گەیشتە هەولێر.
بەیانیی ئەمڕۆ 11-7-2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێر.
ئەعرەجی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە ڕاسپێدراوە بۆ بەدواداچوونی "پێشهاتە ئەمنییەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستان".
چەند هەفتەیەكە سوپای توركیا هێزی زیاتر ڕەوانەی قووڵایی خاكی هەرێمی كوردساتان دەكات، بە تایبەت لە سنووری قەزای ئامێدی كە پێكدادانی توند لەگەڵ پەكەكە هەیە.
بەهۆی لەشكرکێشییەكانی ئەمدواییەى توركیاوە، دەیان گوند چۆڵ كراون و زیانی گەورەی ماددی بەر باخ و ڕەزی گوندنشینانی ناوچەكە كەوتووە.
* شەڕ لە دەرگایە؛ گوندنشینانی دهۆك لە ئاگری چەك هەڵدێن
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTسەبارەت بە "چاودێریی دوایین ئۆپەراسیۆن و جموجووڵی سەربازیی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان" كە سێ ڕۆژ لەمەوبەر بڵاو كراوەتەوە، توركیا لە 15-6-2024ـەوە ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لەناو خاكی هەرێم دەست پێ كردەوە و زیانی گەورەی بە گوندنشینان گەیاندووە.
ڕێكخراوی سی پی تی دەڵێت "ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا لە دەڤەری بەرواری باڵا دەستی پێ كردووە. لە ٢٥ی حوزەیراندا سوپاكە زاڵگەیەكی لە نێوان گوندەكانی بابیرێ و كانی بلاڤێ جێگیر كرد. لە ڕۆژی دواتردا سوپای توركیا دەستی كرد بە دروستكردنی حەوت بارەگای سەربازیی نوێ لەسەر لووتكە چیای گوندەكانی كانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمكە، بلیجان، كۆركا و گرێ بی لە سنوری قەزای باتیفا".
بەپێی ڕاپۆرتەكە، سوپای توركیا بە قووڵایی "15" كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا پێشتر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورەبروسكەدا سوپاكە بە قووڵایی "7" كیلۆمەتر تاوەكو گوندی هرورێ هاتبوو.
تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTدەڵێت "لە سەرەتای دەسپێكردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەوە، توركیا 238 جار بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە، بەهۆیانەوە زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی و دارستان سووتاون، بەتایبەتی لە گوندەكانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، كانێ و ئاشكێ دێرێ لە قەزای ئامێدی".
هەر بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیاوە "162 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵ كراون و زیاتر لە 602 گوندیش لەژێر مەترسیی چۆڵبووندان".
"لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سوپای توركیا "1076" هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، 526 هێرش و بۆردوومان بۆ سەر پارێزگای دهۆك، 405 بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 10 هێرشی تریان بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەدرێژایی ساڵی 2023، سوپای توركیا 1548 جار بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە"، ئەمە بەپێی ڕاپۆرتەكەی سی پی تی.
ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە "سەرباری شەهیدبوونی هەشت هاووڵاتیی مەدەنی لەمساڵدا، لە هێرشەكانی سوپای توركیادا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بەئامانج گیراون و زیانیان بەركەوتووە".
* دێرینترین گوندی دەڤەری بەرواری باڵا بەهۆی لەشكركێشیی توركیاوە چۆڵ كرا