چوار ڕۆژە ڕەز و باخی پێنج گوند لە ئامێدی دەسووتێت، 'قایمقامی دهۆك ئاگرەكە ‏دەبینێت و هیچ هەوڵێك نادات'‏

08-07-2024 08:18

پەرەگراف

ماوەی چوار ڕۆژە ڕەز و باخی پێنج گوند لە دەڤەری بەرێگارەی قەزای ئامێدی دەسووتێت، ‏هیچ كەسێكیش نییە ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكات. ڕەنج و ماندووبوونی دانیشتووانی ئەو ‏گوندانە كە بەهاكەی سەدان ملیۆن دینارە، بە بەرچاویانەوە دەسووتێت، بەبێ ئەوەی ‏هیچیان لەدەست بێت".‏

موختاری گوندی مژێ لە دەڤەری بەرێگارە، ڕەخنە لە قائیمقامی دهۆك ‏دەگرێت و دەڵێت "لە پەنجەرەی بیناكەیەوە ئاگرەكە بە چاوی خۆی دەبینێت، بەڵام هیچ ‏هەوڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی نادات".‏

ناوچەی بەرێگارەی ناودارە بە سماق، هەر خێزانێك بەلای كەمەوە ساڵانە بە بەهای پێنج ‏ملیۆن دینار بەرهەمی هەیە، ئەمە جگە لە گوێز و سێو و دەیان بەرهەمی تر كە بەشی ‏زۆریان سووتاون.‏

ئازاد هەمزۆ، موختاری گوندی مژێ لە دەڤەری بەرێگارەی سەر بە ئامێدی، بە پەرەگرافی ‏وت "چوار ڕۆژە لەسەر یەك، بە بەردەوامی ئاقاری گوندەكانی دەڤەری بەرێگارەی ‏دەسووتێت، هیچ لایەنێكیش تا ئێستا ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە بێت ئاگرەكە كۆنترۆڵ ‏بكەت".‏

دەڤەری بەرێگارەی لە پێنج گوند پێك هاتووە: گێرگاشێ، كەڤنە مژێ، مژێ، سپیندارێ و ‏دێرەشێ. زیاتر لە دوو هەزار خێزان لەو پێنج گوندەدا دەژین، زۆرترین زیان بەر گوندی ‏كەڤنە مژێ كەوتووە كە زیاتر لە 80%ـێ‌ ئاقارەكەی سووتاوە".‏

موختاری گوندی مژێ وتیشی "دوو جار خۆمان هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەمان داوە، ‏بەڵام لەدەستمان دەرچووە. تەنیا چەند كاتژمێرێك مۆڵەتمان پێ‌ دەدەن بۆ كۆنترۆڵكردنی ‏ئاگرەكە، ئەویش دەتوانم بڵێم لە دەوروبەری كاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ تا 6ی ئێوارە".‏

ئازاد هەمزۆ بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت "ئەگەر حكومەت هاوكاریمان نەكات، چۆن ‏بتوانین ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەین؟!".‏

‏"ساڵانە سەدان تۆن لە سماق لەم گوندانە بەرهەم دەهێنرێت. باخەكەی من كە نزیكەی ‏هەزار دارە لە گوێز و قۆخ و ترێ، سووتاوە، دراوسێكەم بە هەمان شێوە نزیكەی چوار دۆنم ‏زەویی سماقی سووتاوە، زیانەكە ئەوەندە زۆرە ناخەمڵێندرێت"، ئازاد هەمزۆ وای وت.‏

سەبارەت بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، بێوار عەبدولعەزیز، ‏وتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆك، بە پەرەگرافی وت "تیمی بەرگریی شارستانیمان لە ‏شیلادزێ و دێرەلووك و سەنتەری ئامێدی هەیە، بەڵام ئەو ناوچانەی ئاگرەكەی لێ‌ ‏كەوتووەتەوە، شەڕ و ئاڵوزیی تێدایە، ناتوانین بچینە ئەو شوێنانە".‏

وتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆك جەختی كردەوە كە "گیانی كارمەندەكانی خۆمان ‏ناخەینە مەترسییەوە، تەنیا بۆ ئەو شوێنانە دەچین كە پێشتر بزانین هیچ مەترسییەكی ‏نییە".‏