پەرەگراف - دهۆک
دێرینترین گوندی دەڤەری بەرواری باڵا كە دانیشتوانەكەی كریستیان بوون، بەهۆی لەشكركێشیی توركیاوە چۆڵ كرا. ئەمە سێیەم گوندی ناوچەكەیە لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا چۆڵ كراوە.
بەردەوامیی لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر ناوچەكە بە پاساوی شەڕی پەكەكە و بۆردوومانە بەردەوامەكانی، بووەتە هۆی لەناوبردنی بەشێكی زۆری ڕەز و باغی گوندنشینانی دەڤەری بەرواری باڵا و تا ئاستی زیان گەیاندن بە ماڵەكانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە، بۆیە بەناچاری گوند لەدوای گوند ناوچەكە چۆڵ دەكەن.
ڕۆژی دووشەممە 1-7-2024، گوندی میسكا لە دەڤەری بەرواری باڵا، لە سنووری ناحیەی كانی ماسیی سەر بە قەزای ئامێدی، كە دانیشتوانەكەی 11 ماڵ بوون، چوڵ كرا، ئەوەش پاش سووتانی بەشی زۆری خانوو و باغەكانی گوندنشینان لە ناویاندا کەنیسەی گوندەکە لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی توركیا و پەكەكە و هاتنی هێزی زیاتری توركیا بۆ ناوچەكە.
ئەدیب مەجید، موختاری گوندی میسكا، بە پەرەگرافـی وت "گوندەكە كۆنترین گوندە لە دەڤەری بەرواری باڵا، كە پێش زیاتر لە 100 ساڵ خەڵك تیادا ژیاوە، بەداخەوە بەهۆی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە و هاتنی هێزی زۆری توركیا بۆ ناوچەكە، ڕۆژی 1ـی تەمووز بە تەواوی چوڵ كرا".
موختاری گوندەكە وتیشی "11 خێزان لەناو گوندی میسكا دەژیان، هەموویان كریستیان بوون، تەنیا یەك خێزانی موسڵمانی تێدا بوو. هەموویان سەرقاڵی باغداری بوون".
دانیشتووانی گوندی میسكا سەرقاڵی ڕەزی ترێ و باخی سێو و سماق و بەرهەمە هاوینەییەكان بوون، وەكوو موختاری گوندەكە دەڵێت "60 بۆ 70 باخی میوەی جۆراوجۆر سووتاون، هەروەها بەشێك لە خانووەكانیش سووتاون و زیانیان بەركەوتووە".
"تەنانەت زیان بەر كەنیسەی كریستیانەكانیش كەوتووە و بەكەڵكی ئەوە نایەت جارێكی تر پەرستشی تێدا بكرێت، ئەوەش هەمووی لە ئەنجامی ئەو شەڕە بەردەوامەی نێوان توركیا و پەكەكە و هاتنی هێزی توركیایە بۆ ناوچەكە"، ئەدیب مەجید بۆ پەرەگراف وای وت.

وەكوو ئەدیب مەجید دەڵێت، تەنیا لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا "هەریەك لە گوندەكانی میسكا، شێڵازا و دەرگەلێ چۆڵ كراون. لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوویشدا "نزیكەی 20 گوند لە سنووری بەرواری باڵا چۆڵ كراون".
پەیامنێری پەرەگراف بۆ بەدواداچوونی زیاتری زیانەكانی شەڕی توركیا و پەكەكە بۆ سەر ناوچەكە، پەیوەندیی بە ساڵح حەمدی، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدییەوە كرد، بەڵام ناوبراو ڕەتی كردەوە قسە بكات و وتی "بە هیچ شێوەیەك لێدوان لەسەر بابەتی سەربازی و شەڕی بەردەوامی پەكەكە و توركیا نادەم".