پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ستایشی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات لە بەرانبەر بە "تیرۆریستی" ناساندنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی و بنكەكانی هاوپەیمان. سوودانییش دەڵێت "هێزە ئەمنییەكان بەبێ دەستوەردانی دەرەكی، بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەكانی سەر نێردە دیبلۆماسییەكان دەكەن".
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دەربارەی هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغداد و هێرش بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا و "ئیدانە"ـی ئەو هێرشانەی كردووە.
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، دەڵێت "ئەنتۆنی بلینكن تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە ئەو هێرشانە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە ئەنجام دەدرێن كە لەلایەن ئێرانە پاڵپشتی دەكرێن". بلینكن ڕایشیگەیاندووە "ئەو هێرشانە كاریگەریی خراپیان لەسەر سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەبێت و لاوازی دەكەن".
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ستایشی محەمەد شیاع سوودانیی كردووە لە بەرانبەر "ئیدانەكردن و بە تیرۆریستی ناوبردنى هێرشەكان".
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش لەبارەی ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە دەڵێت "پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، هەروەها پێشهاتەكانی سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی" تاوتوێ كراون.
محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە كە پابەندن بە "پاراستنی گیانی نێردە دیبلۆماسییەكان و ڕاوێژكارانی سەربازیی بیانی لە عێراق". جەختیشی كردووەتەوە كە "هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەكانی سەر نێردە دیبلۆماسییەكان لە عێراق دەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێكی دەرەكی دەستوەران لەوبارەیەوە بكات".
ئەمە لە كاتێكدایە كە هێرشی گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەژێر ناوی بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا بەردەوامە.
پات ڕایدەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە نوێترین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی 10ـەوە تا ئێستا "89" هێرش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانیان لە عێراق و سووریا ئەنجام دراوە.
كردنە ئامانجی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد، ئەمریكای زیاتر نیگەران كردووە و سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ڕێگەی وەزیری بەرگرییەوە نیگەرانییەكانی خۆی دەربارەی گەیاندە سوودانی و جارێكی دیكە جەختی لە بەكارهێنانی "مافی بەرگری لەخۆ كردن" كردەوە. هەرچی سەرۆكوەزیرانی عێراقیشە هۆشداریی دا لە "وەڵامدانەوەی هێرشەكان بەبێ ڕەزامەندیی حكومەت" لەلایەن ئەمریكاوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی 8-12-2023 بە مووشەك هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، هێرشەكە زیانی گیانیی نەبووە. دواتر سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی كرد و وتی "هیچ پاساوێك بۆ كردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەكان نییە".
سێ هەفتە لەمەوبەر هێزەكانی ئەمریكا گرووپێكی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی (جرف السخر) لە باشووری ڕۆژئاوای بەغداد بە ئامانج گرت، تێیدا ٨ چەكداری كەتائیبی حیزبوڵای عێراق كوژران. ئەوەش یەكەم وەڵامی ئەمركیا بوو بۆ ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی لە عێراق و سووریا.
بەربەیانی 4-12-2023یش ئەمریكا لە هێرشێكی ئاسمانیدا ژمارەیەك چەكداری بزووتنەوەی نوجەبای لە نزیكی كەركووك كردە ئامانج و پێنج چەكداری لێ كوشتن.
ئەمریكا هێرشەكەی بە "بەرگری لەخۆ كردن" ناو برد و ڕایگەیاند "شوێنێكی هەڵدانی درۆن كراوەتە ئامانج".
لە ڕۆژی 17-10-2023، گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران كە خۆیان لەژێر ناوی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" ڕێك خستووە، ئۆپەراسیۆنێكیان لەژێر ناوی "پاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە و بە مووشەك و درۆن دەیان هێرشیان كردووەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەرێمی كوردستان، سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان.
ئەمریكا چەند جارێك هۆشداریی داوە لە بەردەوامیی هێرشەكان بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیشی توانا سەربازییەكانی بەرز كردووەتەوە. چەند جارێكیش گرووپە چەكدارییەكانی كردووەتە ئامانج.