نوجەبا چەکدارەکانی بە خاک سپاردو هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات؛ ئەمەریکا چی دەڵێت؟

04-12-2023 04:58
چەند کەسێک لەبەردەم پۆستەری کوژراوەکانی نوجەبادا دەگرین، ٤-١٢-٢٠٢٣

پەرەگراف

ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لە بۆردومانی ئەمەریکادا لە کەرکوک کوژران بەخاک سپێردران، بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات و ئەمەریکاش دەڵێت، هێرشەکە بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە لە هەڕەشەیەکی مسۆگەر.

بۆردومانەکەی شەوی ڕابردووی ئەمەریکا بووەهۆی کوژرانی ٥ چەکداری نوجەبا کە نزیکن لە ئێران و بەشێکن لەو گرووپە چەکدارییانەی شيعەکان کە خۆیان بە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق " دەناسێننن، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەو بەرەیە بەرپرسیارێتیی خۆی لە دەیان هێرش ڕاگەیاندووە کە کراونەتەسەر بارەگای هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژئاوای کوردستان و سووریا.

بەرپرسێکی ئەمەریکی لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، بۆ بەرگری لەخۆکردن بووەو شوێنێکی هەڵدانی درۆنی لە سنووری کەرکووک کردووتە ئامانج کە هەڕەشەیەکی مسۆگەر بووە.

بزووتنەوەی نوجەبا لە مەراسیمێکدا تەرمی کوژراوەکانی بەخاک سپاردو هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات، ئەو هێرشەی ئەمەریکا دووەم هێرشی ئەو وڵاتەیە بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق کە کوژراوی لێ بکەوێتەوە، دوو هەفتە لەمەوبەریش هێزەکانی ئەمەریکا گروپێکی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی جرف السخر لە باشوری ڕۆژئاوای بەغداد بە ئامانج گرت کە تێیدا ٨ چەکداری کەتائیبی حیزبوڵای عێراق کوژران.

هێرشەکەی ئەمەریکا ڕۆژێک دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی محەمەد شياع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هات کە تێیدا باسی هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ جرف السخر کراوەو سوودانی بە بلینکنی گوتووە، هەموو هێرشێک بۆ سەر خاکی عێراق ڕەتدەکەنەوە و لە هەمانکاتدا پابەندن بە پاراستنی سەلامەتیی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023وە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق"، ئەنجامدانی زیاتر لە 70 هێرشی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.

ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، ئەمریكا كەشتیی فڕۆكە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەو توانا سەربازییەکانی بەرزکردووەتەوە.