ئەمریكا بۆ سوودانی: مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەمان هەیە كە دەكرێنە سەرمان

09-12-2023 12:35

پەرەگراف

ئەمریكا لە ڕێگەی وەزیری بەرگرییەوە نیگەرانییەكانی خۆی دەربارەی كردنە ئامانجی باڵیۆزخانە و هێزەكانی لە عێراق گەیاندە سوودانی و جارێكی دیكە جەختی لە بەكارهێنانی "مافی بەرگری لەخۆ كردن" كردووەتەوە. هەرچی سەرۆكوەزیرانی عێراقە هۆشداریی داوە لە "وەڵامدانەوەی هێرشەكان بەبێ‌ ڕەزامەندیی حكومەت" لەلایەن ئەمریكاوە.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەكانی پەیوەست بە هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقیان تاوتوێ‌ كردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پات ڕایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ئۆستن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئیدانەی هێرشەكانی كردووە و هاوكات سوپاسی هەڵوێستی سوودانیی بۆ ئیدانەكردنی ئەو هێرشانە كردووە.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا ناوی هەریەك لە "كەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا"ی هێناوە كە دوو گرووپی چەكداریی نزیك لە ئێرانن و ڕایگەیاندووە "دوو ڕێكخراوی تیرۆرستین و بەرپرسن لە زۆرینەی هێرشەكان دژی هێزەكانی هاوپەیماننان".

هەروەها لوید ئۆستن جەختی كردووەتەوە كە ولایەتە یەكگرتووەكان "مافی وەڵامدانەوەی یەكلاكەرەوە" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و هێرشەكان بەخۆی دەدات و دەڵێت "پێویستە هێرشەكان دژی هێزەكانی ئەمریكا ڕابگیرێن".

هەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، سوودانی جەختی لە پابەندبوونی عێراق بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دامەزراوەكانیان كردووەتەوە. ڕایگەیاندووە "دەزگا ئەمنییەكان لە توانایاندایە تێوەگلاوان لەو دەستدرێژانەی ئاشكرا بكەن، ئیتر هەر كەسێك بن".

بەرەبەیانی ڕۆژی 8-12-2023 بە مووشەك هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، هێرشەكە زیانی گیانیی نەبووە. دواتر سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی كرد و وتی "هیچ پاساوێك بۆ كردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەكان نییە".

لە هەمان كاتدا سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمركیا، هۆشداریی داوە لە "وەڵامدانەوەی ڕاستەخۆ و بەبێ‌ ڕەزامەندیی حكومەت" بۆ ئەو هێرشانە لەلایەن ئەمریكاوە و جەختی كردووەتەوە لە "دووبارەنەبوونەوە"ـی ئەوەی لە (جورف سەخر) ڕووی دا.

دوو هەفتە لەمەوبەر هێزەكانی ئەمریكا گرووپێكی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی (جرف السخر) لە باشووری ڕۆژئاوای بەغداد بە ئامانج گرت، تێیدا ٨ چەكداری كەتائیبی حیزبوڵای عێراق كوژران. ئەوەش یەكەم وەڵامی ئەمركیا بوو بۆ ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی لە عێراق و سووریا.

بەربەیانی 4-12-2023یش ئەمریكا لە هێرشێكی ئاسمانیدا ژمارەیەك چەكداری بزووتنەوەی نوجەبای لە نزیكی كەركووك كردە ئامانج و پێنج چەكداری لێ‌ كوشتن.

ئەمریكا هێرشەكەی بە "بەرگری لەخۆ كردن" ناو برد و ڕایگەیاند "شوێنێكی هەڵدانی درۆن كراوەتە ئامانج".

لە ڕۆژی 17-10-2023، گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران كە خۆیان لەژێر ناوی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" ڕێك خستووە، ئۆپەراسیۆنێكیان لەژێر ناوی "پاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە و بە مووشەك و درۆن دەیان هێرشیان كردووەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەرێمی كوردستان، سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان.

ئەمریكا چەند جارێك هۆشداریی داوە لە بەردەوامیی هێرشەكان بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیشی توانا سەربازییەكانی بەرز كردووەتەوە. چەند جارێكیش گرووپە چەكدارییەكانی كردووەتە ئامانج.