پەروەردەی سلێمانی زەنگی ئاساییكردنەوەی دەوامی لێ دا و مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن
پەرەگراف
پەروەردەی سلێمانی زەنگی ئاساییبوونەوەی ڕەوشی خوێندن و كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن لێ دەدات. مامۆستایانی ناڕازییش سوورن لەسەر بەردەوامیی بایكۆت و چوونە سەر شەقام بۆ داواكردنی مووچە و مافەكانی دیكەیان.
بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی بە نووسراوێك جەخت دەكاتەوە كە سبەی 27-11-2023 "دەرگای ناوەندەكانی خوێندن دەكرێنەوە و ڕەوشی خوێندن ئاسایی دەكرێتەوە".
پەروەردەی ڕۆژهەڵات داوا لە بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە و باخچەكانی ساوایان دەكات كە لە ڕێگەی پەیجی قوتابخانە و خوێندنگاكانیانەوە سەرجەم قوتابیان و خوێندكاران و مامۆستایانی میلاك و وانەبێژ لە دەستپێكردنەوەی دەوام ئاگادار بكەنەوە.
هەروەها داوا لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دەكات كە "بە نووسراوی فەرمی ئەو هەنگاوانەی كە گیرونەتەبەر بۆ ئاساییكردنەوەی دەوام و سەرجەم ئاستەنگ و كەموكووڕییەكانی دەوامكردن لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئاراستەی پەروەردە بكەن".
ئاگادارییەکەى پەروەردەى ڕۆژهەڵات پاڵپشتە بە نووسراوێکى ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە لە نووسراوێكدا بە واژووی 12 بەڕێوەبەری پەروەردەی سنوورەكە، لە 23-11-2023 داوای شكاندنی بایكۆتى لەلایەن مامۆستایانەوە کرد و ڕایگەیاند "ڕۆژی دووشەممە 27-11-2023 و سەرباری سەختیی گوزەرانى مامۆستایان" دەوام دەست پێ دەکاتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەستپێكردنەوەی دەوام بەبێ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان ڕەت دەكەنەوە و ڕایانگەیاندووە كە سەبی هاوكات لەگەڵ وادەكەی حكومەت بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام، ئەوان لەسەر شەقام دەبن و جەخت لە بایكۆت تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەكەنەوە.
نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جەخت لە چوار داواكاری بۆ شكاندنی بایكۆت دەكەنەوە، ئەوانیش "دەسپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و دیاریكردنی چارەنووسی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵە".