مامۆستایانی ناڕازی: درێژە بە بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان دەدەین

23-11-2023 05:34

پەرەگراف

لە وەڵامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ ‏دەستپێكردنەوەی دەوام، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن "بە هیچ شێوەیەك ‏سازش لەسەر ماف و داواكارییەكانمان ناكەین و تا چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە، ‏درێژە بە بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان دەدەین".‏

نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جەخت لە چوار داواكاری بۆ شكاندنی ‏بایكۆت دەكەنەوە، ئەوانیش "دەسپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، دامەزراندنی ‏مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و دیاریكردنی ‏چارەنووسی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵە".‏

دەقی ڕاگەیەندراوی نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:‏

ئەمڕۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەبێ گەڕانەوە بۆ ‏مامۆستایان و جێبەجێكردنی هیچ داواكارییەكی مامۆستایان، داوا لە مامۆستایانی ‏میلاك و وانەبێژ دەكەن بایكۆت بشكێنن.‏

ئێمە لە نوێنەرانی مامۆستایانی سەرجەم شاروشارۆچكەكان لێرەوە ڕایدەگەیەنیین: بە ‏هیچ شێوەیەك سازش لەسەر ماف و داواكارییەكانمان ناكەین و تا چارەسەڕی ڕیشەیی بۆ ‏پرسی مووچە، درێژە بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكان دەدەین.‏

ئێمە ئاواتەخوازبووین ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لەجیاتی داوای ‏شكاندنی بایكۆت لەمامۆستایان ، داوای لە حكومەتی هەرێم بكردایە ئەو داواكارییانەی ‏مامۆستایان جێبەجێ بكات كە جێبەجێكردنیان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە ئەوانیش

‏١ــ دەسپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە ‏
‏٢ـ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ‏
‏٣ ــ دیاریكردنی چارەنوسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانمان .‏
‏٤ـ دیاری كردنی چارەنوسی سێ مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ .‏

هەر بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتیەكان ڕۆژی یەكشەممە مامۆستایان ناڕەزایەتیەكان دەبەنە ‏بەغدای پایتەخت و لەگەڵ گەڕانەوەشیان لێرە بەگوڕێكی تر ناڕەزایەتیەكان دەست ‏پێدەكەنەوە

دووبارە ڕایدەگەیەنین: بایكۆت بەردەوامە بۆ ئەوەی كاتێكی تر و ساڵێكی تر بایكۆت ‏نەكەینەوە .‏

نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی