موعین كازمی: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی عێراق

29-10-2023 03:51

پەرەگراف

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی عێراق و شاندی حكومەتی هەرێم قەناعەتی تەواوی بەو بابەتە هەیە". ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەو بابەتی ڕەت كردووەتەوە و بە "نادەستووری" ناوی بردووە.

ڕۆژی 18-10-2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەیی هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێم كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند "ڕێككەوتن كرا لەسەر جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چەند بانكێكی باوەڕپێكراو لەلای بانكی ناوەندی، پاشان پارەداركردنی ئەو بانكانە لەلایەن وەزارەی دارایی فیدڕاڵەوە".

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئاژانسی (موتەڵع)ـی جەختی كردووەتەوە كە "لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبونی وەزیری دارایی و چاودێریی دارایی، ڕێكەوتن كراوە لەسەر ئەوەی مووچەی فەرمابنەرانی هەرێم لەڕێی وەزارەتی دارایی ناوەندەوە دابەش بكرێت".

موعین كازمی ڕاگەیاندووە "شاندە كوردییەكە قەناعەتی تەواویان بەو بابەتە هەبوو، بەڵام ئەو هەنگاوە پێویستی بە ڕێوشوێنی كارگێڕی و حیسابات و پێداچوونەوەی بە ناوی فەرمانبەرانی هەرێم هەیە، ئەوەش كاتی پێویستە".

بەپێی لێدوانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، یەكەم جار "مووچەی نزیكەی 60 هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی عێراق".

دەربارەی ناردنی 700 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم، كازمی وتوویەتی "ئەوە چارەسەرێكی كاتییە، تا ئەو كاتەی تەواوی فەرمانبەران دەگوازرێنەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی".

تا ئێستا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم هیچ لێدوانێكیان بە پشتڕاست یان ڕەتكردنەوەی وەها ڕێككەوتنێك نەداوە، بەڵام پێشتر سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "ئەگەر مووچەش لە بابەتەكانی دیكە جیا بكرێتەوە، دیسان هەر دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابەش بكرێت، نەك وەكوو ئەوەی هەندێك كەس داوایان كردووە كە بە میكانیزمێكی نادەستووری، ڕاستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە".