پەرەگراف
وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت بگەنە "تێڕوانینێكی هاوبەش" بۆ چارەسەری كێشەی مووچە لەناو یاسای بودجەدا. لیژنەی داراییش باس لە ڕێككەوتنێك بۆ "جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چەند بانكێك" دەكات. وەزیری دارایی عێراقیش دەڵێت "هەرێمی كوردستان هیچ بڕە پارەیەكی لەو هەژمارەدا دانەناوە كە بۆ داهاتەكانی دروست كراوە".
ئەمڕۆ لە بەغداد هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەیكی چوار كاتژمێریدا گفتوگۆیان دەربارەی كێشەكاتی بودجە و داهات كرد. هەردوو وەزیر داتا و بەڵگەكانی خۆیان ڕادەستی لیژنەكە كردووە و بڕیارە لیژنەكەش بە ڕاپۆرتێك بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بەرز بكاتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند "وەزارەتی دارایی بەپێی هەردوو یاسای ئیدارەی دارایی و بودجەی فیدراڵی كار دەكات بۆ پارەداركردن و جێبەجێكردنی پرۆژەكان".
وتیشی "هەژمارێك كرایەوە لەسەر ئەو بنەمایەی كە هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە دانانی داهاتەكانی لەو هەژمارەدا، ئەوەش وەكوو خەزێنەی هەرێم، بەڵام هیچ بڕە پارەیەكی تێدا دانەنراوە".
پاش كۆبوونەوەكە، ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێم و عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.
عەتوان عەتوانی وتی "ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی مێژوویی و گرنگمان ئەنجام دا. لیژنەی دارایی لە زۆر زانیاری ئاگادار كرا كە بە ڕاپۆرتێك بەرزی دەكاتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان".
سەرۆكی لیژنەی دارایی ڕایشیگەیاند "ڕێككەوتن كرا لەسەر جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چەند بانكێكی باوەڕپێكراو لەلای بانكی ناوەندی، پاشان پارەداركردنی ئەو بانكانە لەلایەن وەزارەی دارایی فیدڕاڵەوە".
لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندنیش بۆ ڕادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان كراوە، هەردوو وەزارەتی درایی هەرێم و عێراق زانیارییان لەوبارەیەوە بە لیژنەی دارایی داوە.
عەتوان عەتوانی ئاماژەی بەوە كرد كە چارەسەركردنی كێشەكان پێویستی بە گۆڕینی هەندێك بڕگەی یاسای بودجە هەیە، بەڵام وتی "ئەمە بە بڕیاری لیژنەی دارایی نابێت، بەڵكوو لیژنەی دارایی ڕاپۆرتێكی ورد لە دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەماندا لەبارەی ئەم بابەتەوە دەخاتە ڕوو".
هەروەها ڕەخنەی لە حكومەتی هەرێم گرت و وتی "پێویستە حكومەتی هەرێم پلان و بودجەی هەبێت بۆ خەرجكردن، ئەوەی لێرە گوێمان لێ بوو، لە هەرێم بەبێ یاسای بودجە پارە خەج دەكرێت، ئەمە كێشەی گەورە دروست دەكات و زیان بە فەرمانبەر و خانەنشین دەگەیەنێت".
لای خۆیشیەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، كۆبونەوەكەی بە "هەنگاوێكی زۆر گرنگ و ستراتیژی بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی" ناو برد و ڕایگەیاند "تا ڕادەیەكی زۆر تێگەیشتنێكی هاوبەشمان هەیە لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی مووچەی مووچەخۆران و جیاكردنەوەی لە خەرجی فیعلی و دوورخستنەوەی لە كێشە سیاسییەكان".
وەزیری دارایی هەرێم وتیشی "تا ڕادەیەكی زۆر ئەو داتایانەی ئێمەی پێشكەشمان كرد، جێگەی قبووڵ بوون. ئەوەی هەستمان پێ كرد لەلایەن سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئەندامەكانی لیژنەكە و وەزیری دارایی فیدراڵی، وەڵامدانەوەیەكی دۆستانەیان هەبوو".
ئاوات جەناب جەختی كردەوە كە "هەردوولامان هاوڕا بووین كێشەكانی مووچەخۆرانی هەرێم بە یەكجاری چارەسەر بكرێن، ئەگەر بە چارەسەری یاسایی لەناو یاسای بودجەدا، یان جۆرێك لە چارەسەركردنی خەرجیی فیعلی بێت".
وەزیری دارایی هەرێم لەسەر میكانیزمی چارەسەری كێشەكان، ئاماژەی بەوە كرد كە "لیژنەی دارایی ناتوانێت دەستكاریی یاسای بودجە بكات، بۆیە هەوڵ دەدەین ڕوئیایەكی هاوبەش بۆ چارەسەر پێشەكەش بكەین".
سەبارەت بە ناردنی 700 ملیار دینارقەرزەكە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە، وەزیری دارایی هەرێم وتی "هیچ ڕێگرییەكمان لەوبارەیەوە نەبینی". دەربارەی چارەسەری كێشەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی مووچەش، ئاوات جەناب ڕایگەیاند "وردە وردە لەسەر ئەوانەش قسە دەكەین، ڕێككەوتووین كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن".