سەرجەم فەرمانبەرانی دادگای بەرایی چەمچەماڵ لەسەر بایكۆتكردنی دەوام سزا دەدرێن

13-09-2023 02:45

پەرەگراف

لەسەر بایكۆتكردنی دەوام بەهۆی پێنەدانی مووچە، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی "سەرجەم فەرمانبەران"ی دادگای بەرایی چەمچەماڵ سزا دەدات. ئەمە لە كاتێكدایە ماوەی هەفتەیەكە بایكۆت لە فەرمانگە جیاوازەكانی حكومەت دەستی پێ‌ كردووە و ئەمڕۆیش مامۆستایان و تەندروستكاران بایكۆتیان ڕاگەیاند.

دادوەر جاسم جەزا جافر هەورامی، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بە فەرمانێكی كارگێڕی بڕیاری دا "ڕۆژی ١٣-٩-٢٠٢٣ بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی دادگای بەرایی چەمچەماڵ بە نەهاتوو (غیاب) ئەژمار بكرێت و لێبڕینی مووچەیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ بكرێت، سەرجەمیشیان بدرێن بە لیژنەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەران".

سەرچاوەیەكی یاسایی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "ئەم فەرمانە كارگێڕییە بەھۆی بایكۆتی فەرمانبەران بۆ مووچە دەركراوە و كێشەی یاسایی تێدایە، چونكە ڕوونی نەكردووەتەوە كە بەپێی چ یاسایەك لێبڕینی مووچەیان بۆ دەكات، هەروەها بە گشتی فەرمانبەرانی سزا داوە و لیستی ناوی فەرمانبەرەكانی تێدا نییە".

ئەمڕۆ لەگەڵ لێدانی زەنگی دەستپێكردنی خوێندن، مامۆستایانی وانەبێژ و بەشێكی زۆر لە مامۆستایانی دیكەش بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد، بەهۆی ئەوەی ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ جەخت لە داواكاریی دامەزراندنیان دەكەنەوە.

سەندیكای كارمەندانی تەندروستیش لە سلێمانی، دوای كۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە 72 كاتژمێرییەی بۆ پێدانی مووچە بە حكومەتی هەرێمی دابوو، ڕایگەیاند "هیچ تروسكاییەك بۆ پێدانی مووچە نییە، بۆیە لە ئەمڕۆ كاتژمێر 12ـەوە دەوام لە سەرجەم ناوەندەكانی تەندروستی ڕادەگرین".

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوویش چەندین فەرمانگەی دیكەی حكومەت بایكۆتی دەوامیان كردووە و داوای دوو مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت دەكەن. بایكۆتەكە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕینی گرتووەتەوە كە بە "زۆنی سەوز" ناو دەبرێت.