سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی بایكۆتی دەوامی ڕاگەیاند

13-09-2023 01:57

پەرەگراف

سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، دوای كۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە 72 كاتژمێرییەی بۆ پێدانی مووچە بە حكومەتی هەرێمی دابوو، ڕایگەیاند "هیچ تروسكاییەك بۆ پێدانی مووچە نییە، بۆیە لە ئەمڕۆ كاتژمێر 12ـەوە دەوام لە سەرجەم ناوەندەكانی تەندروستی ڕادەگرین".

سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی وتیشی "لە فریاكەوتنەكان و شوێنە هەستیارەكان دەوام دەهێڵینەوە، وەكوو فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار، سووتاوی، منداڵان و منداڵبوون، هەروەها بانكی خوێن و بووژانەوەی دڵ، شۆردنەوەی گورچیلە، چاودێریی ورد بۆ ئەو نەخۆشانەی لەژێر هەناسەدانی دەستكرددان، ئامبوڵانسەكان، لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا".

"هیوادارین تا هەفتەی داهاتوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بگەنە ڕێككەوتن، چونكە ئێمە پێمان وایە مووچەخۆران لە ململانێ و دەستشكاندەوەی هەردوو حكومەتدا بە بارمتە گیراون"، سەندیكای كارمەندانی تەندروستی وا دەڵێت.