پەرەگراف
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی وەزارەتەكەی بە ڕێككەوتنی سێقۆڵیی هەناردەكردنەوەی نەوت دووپات دەكاتەوە و ڕایشیگەیاند "چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە كۆكاگانی بەندەری جەیهان ئەمبار و بەبازاڕ كراون".
كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ یان بڕێیم، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان كرد، جەختیشی كردەوە كە "پەیوەندی و هەماهەنگی باش" لەنێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەیە.
هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان پاش ٣٠ مانگ لە ڕاگرتنى، لە بەیانیى ٢٧-٠٩-٢٠٢٥ دەستى پێ کردەوە. ڕۆژانە نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بۆریی هەرێمەوە ڕەوانەی فیشخاپوور و لەوێشەوە لە ڕێگەى بۆریى نەوتى عێراق-تورکیا ڕەوانەى بەندەری جەیهانی تورکى دەکرێت.
حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، ڕایگەیاند "ڕێککەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم تا ٣١-١٢-٢٠٢٥ـە، دواتر بە ڕێککەوتنى هەرسێ لایەنەکە (حکومەتى هەرێم، حکومەتى فیدراڵى، کۆمپانیاکانى نەوت)، نوێ دەکرێتەوە و پرۆسەى هەناردەکردنى نەوت ناوەستێت".
سەربارى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، هێشتا کێشەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە و تا ئێستا مووچەى مانگى هەشتیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا لە عێراق مووچەى مانگى ١٠ دابەش دەکرێت.