پەرەگراف
دوای ٣٠ مانگ لە ڕاگرتنی، بەیانیی ئەمڕۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بۆریی هەرێمەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە پەرەگرافی وت "نەوتەکە بەبێ هیچ کێشەیەک و سەرکەوتووانە هەناردە کراو گەیشتووەتە خاکی تورکیا، هەر ئەمڕۆ دەگاتە بەندەری جەیهان و بازاڕی نێودەوڵەتی" لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو، سەرچاوەکە وتی "سەرجەم بەرهەمی نەوتی هەرێم کە نزیکەی ٢٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە هەناردە دەکەین جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیل کە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردێت".
لە 25-03-2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێم وعێراق، دوای دەیان گفتوگۆو لێکتێگەیشتن هەولێرو بەغدادو کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن کە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم بە مێژوویی ناویان برد.
ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان كە لە قۆناغی یەكەمدا هەناردە دەكرێت، "جێگیر و چەسپێندراو" نییە و بەپێی زیادكردنی بەرهەمی نەوت ئەو بڕەش زیاد دەكات. وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ چاویان لەوەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتەوە 400 هەزار بەرمیل، كە بەپێی یاسای بودجەیش، حكومەتی هەرێم پابەند كراوە بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە.
بەر لە هێرشە درۆنییەكانی ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵ بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بەڵام بەهۆی ئەو هێرشانەوە بۆ دەوروبەری 100 هەزار بەرمیل دابەزی، لە نوێترین لێدوانیشدا وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە بۆ "234 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە" بەرز بووەتەوە.
نەوتەكە لەلایەن كۆمپانیاكان و وەزارەتی سامانەسروشتییەكانەوە، لە پێشخاپوورەوە ڕادەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەكرێ کە سەربە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقە، دواتر لەوێوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرێ و دەخرێتە كۆگاكانی نەوتەوە، لەوێشەوە ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ سۆمۆ هەیە، نەوتەكە دەكڕن و داهاتی نەوتەکە دەگەڕێتەوە خەزێنەی فیدراڵیی لە بەغداد.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوتی هەرێم 16 دۆلار دیاری كراوە، بەڵام لەبری پارەكە، نەوت بە كۆمپانیاكان دەدرێت كە ئەوە داواكاریی خۆیان بووە، دواتر خۆیان نەوتەكە دەفرۆشنەوە.
بەپێی ڕێككەوتنی سێقۆڵیی نەوت، دەبێت كۆمپانیای سۆمۆ خۆی پارەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-توركیا بدات. لە ئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی نوێكردنەوەی ڕێككەوتنی هێڵی بۆریی نەوتەكەیە لەگەڵ توركیا، كە لە ناوەڕاستی ساڵی 2026 كۆتایی دێت.
لە دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیایەكی تایبەتمەندی جیهانی هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەكات، نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتی ئەو كۆمپانیا دیاری دەكرێت كە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا كارەكانی تەواو بكات، ئەمەش بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بوو كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیر كراوە.
سەرجەم كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان واژوویان لەسەر ڕێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردووە، جگە لە كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی كە وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ دەكات. ئەو كۆمپانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند كە پشكی هەرێم لە نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەكات بۆ هەناردەكردنەوە، بەڵام پشكی خۆی لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمدا دەفرۆشێت.