پەرەگراف
هەریەك لە سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكوەزیرانی عێراق، هاوكات ئازادكردنی ئەو کچە بارمتە ئیسرائیلی بە ڕەچەڵەك ڕووسییەیان ڕاگەیاند كە زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر لە بەغداد ڕفێندرا. سوودانی ئازادكرنەكەی بۆ "هەوڵی گەورەی دامودەزگا ئەمنییەكان" دەگەڕێنێتەوە و ترەمپیش دەڵێت "لەلایەن كەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئازاد كرا".
شەوی سێشەممە 09-09-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ وتی "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە ئیلیزابێس سووركۆڤ، قوتابیی زانكۆی پرینستن، كە خوشكەكەی هاووڵاتییەكی ئەمریكییە، كەمێك لەمەوبەر لەلایەن كەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئازاد كرا".
ترەمپ ڕایشیگەیاند كە ئەو هاووڵاتییە "ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمریكایە لە بەغداد"، پاش ئەوەی وەكوو ئەو دەڵێت "بۆ ماوەی چەندین مانگ ئەشكەنجە درابوو".
هاوكات، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە هەژمارەی خۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕایگەیاند "دوای هەوڵی گەورەی دامودەزگا ئەمنییەكانمان كە چەندین مانگ درێژەی كێشا، ئازادكردنی ئیلیزابێس سووركۆڤ ڕادەگەیەنین".
هەرچەندە ئەو كچە خوێندكارەی دكتۆرا، هاووڵاتیی ئیسرائیلییە و ڕەچەڵەكی ڕووسییە، بەڵام سوودانی ناوی ئیسرائیلی نەهێناوە و تەنیا دەڵێت "هاووڵاتیی ڕووسی".
سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت "هەرگیز سازش لەسەر جێبەجێكردنی یاسا و بەرزڕاگرتنی سەروەریی دەوڵەت ناكەین و ڕێگە بە هیچ كەسێك نادەین ناوبانگی عێراق و عێراقییەكان ناشیرین بكات"، ئەمەش وەكوو ئاماژەیەك بۆ ڕفێنەرانی ئەو كچە.
ئیلیزابێس سووركۆڤ، كچێكی ئیسرائیلیی بە ڕەچەڵەک ڕووسییە، خوێندكاری دكتۆرایە لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی پرینستنی ئەمریكا. بۆ نووسینی نامەی دكتۆراكەی سەردانی عێراقی كرد و لە مانگی 5ـی 2023 لە بەغداد ڕفێندرا. هەر ئەوکات ئیسرائیل، كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی نزیك لە ئێرانی بە ڕفاندنی تۆمەتبار كرد و بەرپرسیارێتیی ژیانیشی خستە ئەستۆی حكومەتی عێراق، بەڵام گرووپە چەكدارییەكە تۆمەتەكەی ڕەت كردەوە.
مانگى ئایارى ئەمساڵ، چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) ئاشکرایان کرد کە هەوڵێك هەیە بۆ گۆڕینەوەی كچە بارمتە ئیسرائییلەكە بە ئەندامێكی سوپای پاسدارانی ئێران كە لە بەغداد بە تۆمەتی كوشتنی هاووڵاتییەكی ئەمریكی سزا دراوە.
ئەو سەرچاوانە کە بەهۆی هەستیاریی دۆسیەكەوە نەیانویستبوو ناویان بهێنرێت، بە ئاژانسەکەیان ڕایانگەیاندبوو "ڕێككەوتنەكە پەیوەستە بە ڕازیبوونی ئەمریكاوە".
ئەندامەکەی سوپای پاسداران ناوى محەمەدڕەزا نوورییە، كە بە ناوی خوازراوی (ئەبوو عەباس) لە عێراق چالاكیی ئەنجام داوە، لەلایەن ئەمریكاوە تۆمەتبار كرا بە كوشتنی هاووڵاتییەكی ئەمریكی بە ناوی (ستیڤ ترۆل) لە ساڵی 2022 لە بەغداد.
بەپێی میدیا ئێرانییەكان، ئەبوو عەباس لە مانگی 3ـی 2023 لە ناوچەیەكی بەغداد لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیر كراوە. لەلایەن یەكێك لە دادگاكانی عێراقەوە بە سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزا دراوە.
هێشتا دیار نییە کە ئەبوو عەباس لەم پرۆسەیەدا ئازاد کراوە یان نا.
لە مانگی شوباتـی ئەمساڵ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری بارمتەكان، هۆشداریی دایە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە بارمتە ئیسرائیلییەكە ئازاد بكات و وتی "ئەگەرنا دەبێت لە پۆستەكەی لاببرێت".
ئادەم بۆلەر، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری بارمتەكان وتیشی "ئەگەر ئێستا ئیلیزابێس سووركۆڤ نەگەڕێتەوە ماڵەكەی، ئەمە مانای بێتوانایی سەرۆكوەزیرانی عێراقە".