گۆڕینەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكە و ئەندامێكی سوپای پاسداران؛ ڕەزامەندیی ئەمریكای ماوە
پەرەگراف
هەوڵێك هەیە بۆ گۆڕینەوەی كچە بارمتە ئیسرائییلەكە لە عێراق، بە ئەندامێكی سوپای پاسدارانی ئێران كە لە بەغدا بە تۆمەتی كوشتنی هاووڵاتییەكی ئەمریكی سزا دراوە.
چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراق كە بەهۆی هەستیاریی دۆسیەكەوە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت، بۆ ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) بوونی وەها هەوڵێكیان پشتڕاست كردووەتەوە، بەڵام ڕایانگەیاندووە "ڕێككەوتنەكە پەیوەستە بە ڕازیبوونی ئەمریكاوە".
یەكێك لە سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق دەڵێت "هێشتا ئەمریكییەكان ڕەزامەندییان لەسەر ئازادكردنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران دەرنەبڕیوە"، كە مەرجی ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكەیە.
ئیلیزابێس سوركۆڤ، كچێكی ئیسرائیلیی بە ڕەگەز ڕووسییە، خوێندكاری دكتۆرایە لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی پرینستنی ئەمریكا. بۆ نووسینی نامەی دكتۆراكەی سەردانی عێراقی كرد و لە مانگی 5ـی 2023 لە بەغدا ڕفێندرا.
ئیسرائیل، كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی نزیك لە ئێرانی، بە ڕفاندنی سوركۆڤ تۆمەتبار كردووە و بەرپرسیارێتیی ژیانیشی خستووەتە ئەستۆی حكومەتی عێراق، بەڵام گرووپە چەكدارییەكە تۆمەتەكەی ڕەت كردووەتەوە.
سەرچاوە عێراقییەكان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان وتووە كە "ئەگەری گواستنەوەی (بارمتە ئیسرائیلییەكە) بۆ ئێران" ڕەت ناكەنەوە، بەڵام هێشتا پشتڕاستیش نەكراوەتەوە.
محەمەدڕەزا نووری، ئەندامی سوپای پاسداران، كە بە ناوی خوازراوی (ئەبوو عەباس) لە عێراق چالاكیی ئەنجام داوە، لەلایەن ئەمریكاوە تۆمەتبار كرا بە كوشتنی هاووڵاتییەكی ئەمریكی بە ناوی (ستیڤ ترۆل) لە ساڵی 2022 لە بەغدا.
بەپێی میدیا ئێرانییەكان، ئەبوو عەباس لە مانگی 3ـی 2023 لە ناوچەیەكی بەغدا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیر كراوە. لەلایەن یەكێك لە دادگاكانی عێراقەوە بە سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزا دراوە.
لە مانگی 2ـی ئەمساڵ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری بارمتەكان هۆشداریی دایە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە بارمتە ئیسرائیلییەكە ئازاد بكات و وتی "ئەگەرنا دەبێت لە پۆستەكەی لاببرێت".
ئادەم بۆلەر، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری بارمتەكان وتیشی "ئەگەر ئێستا ئیلیزابێس سوركۆڤ نەگەڕێتەوە ماڵەكەی، ئەمە مانای بێتوانایی سەرۆكوەزیرانی عێراقە".