كۆمیسیۆن ڕۆژی دەستپێكردن و ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیارى كرد

13-07-2025 10:59

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن لە ٨ـی تشرینی یەكەم دەست پێ‌ دەكات و ماوەی یەك مانگ بەردەوام دەبێت.

موهەنەد مستەفا، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند "دەنگدانی تایبەت ڕۆژی ٠٩-١١-٢٠٢٥ بەڕێوە دەچێت و ٢٤ كاتژمێر بەر لەوە بانگەشەی هەڵبژاردن ڕادەگیرێت".

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە لە ١١-١١-٢٠٢٥ بەڕێوە بچێت. كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و بەشێك لە ڕێكارەكانی تەواو كردووە.

هەر لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا بۆ هەڵبژاردن، لە ئێستادا پێشكەشكردنی داواكاری لە ڕێگەی فۆڕمی ئەلیكترۆنییەوە بۆ بوون بە كارمەند لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەردەوامە، كە ماوەكەی تا ٢٠ـی ئەم مانگە درێژ كراوەتەوە.

ڕۆژى ٢٧-٠٦-٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتاییهات و كۆمیسیۆن دەستی كردووە بە پڕۆسەی وردبینیی ناوی کاندیدەکان.

سەرجەم حیزب و هاوپەیمانییەكان لیستی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمیسیۆن كردووە و هەموان جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا دەكەنەوە.