پەرەگراف
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات و كۆمسیۆن دەستیكردووە بە پڕۆسەی وردبینی ناوی کاندیدەکان.
"پرۆسەی وردبینی كاندیدەكان كاتی پێویستە، بەلەبەرچاوگرتنی زۆریی ژمارەی كاندیدەكان لەسەرتاسەری پارێزگاكانی عێراق" غەلای وادەڵێت.
وردبینییەکە بۆ دڵنیابوونە لە دروستی داتاکانی کاندیدەکان و دڵنیابوونە لە شایستەیی کاندیدەکان و هەبوونی مەرجەکانی خۆکاندیدکردن، پێش ناردنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
وتەبێژەکەی کۆمسیۆن دەشڵێت "كۆمسیۆن دۆسیەی تاوان دژ بە هەر كەسێك دەجوڵێنێت كە لەسەری بسەلمێت تێوەگلاوە لە حاڵەتەكانی كڕینی كارتی دەنگدان یاخود دەستكاریكردنی بەڵگەنامەكانی كۆمسیۆن".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە 11-11-2025 بەڕێوە بچێت، پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان لە ڕێگای بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی بوو.
کاندیدی سەربەخۆ پێویستی بە پاڵپشتیی ٥٠٠ دەنگدەرە لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردنەکەی تابتوانێت خۆی کاندید بکات و لە ڕێگەی بەرنامە ئەلیکترۆنییەکەوە داتاکانیان داخڵ دەکات و پێویستە ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدەران هەبێت.
مەرجەکانی خۆکاندیدکردن، کەسەکە عێراقی بێت و شایستەیی تەواوی هەبێت، ٣٠ ساڵی تەواوکردبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت،
لیستی کاندیدانی حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ کاندیدەکانیان بڕوانامەی ئامادەیی و دبلۆمیان هەبێت.
هەروەها دەبێت کاندید خاوەن ڕەفتاری باش بێت و بەتاوانی ئابڕووبەری یان گەندەڵی دارایی و ئابووری سزا نەدرابێت، هەروەها کاندید نابێت لەڕیزی هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان بێت، نابێت دادوەر بێت و لەکارەکەی بەردەوام بێت، نابێت ئەندامی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بێت لەم خولە و خولی پێشووتر.