هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نیگەرانكەرە؛ دوو هاووڵاتیی كورد 'كوژراون'
پەرەگراف
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی ئێران-ئیسرائیلەوە، هەڵمەتی "بانگهێشتكردن، هەڕەشە، دەستبەسەركردن و ئەشكەنجەدان" دژی چالاكانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دەستی پێ كردووە. ڕێكاری ئەمنیی توند لە شار و شارۆچكەكان گیراوەتە بەر و دوو هاووڵاتیی كورد كوژراون، ئەمە جگە لە لەسێدارەدانی سێ گەنجی دیكە.
دەزگا ئەمنییەكانی ئێران تۆمەتی وەك "سیخوڕیكردن بۆ ئیسرایل، بانگەشەكردن دژ بە حكومەت، سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان، هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی و ڕاگرتن یان كڕین و فرۆشتنی ئامێرەكانی وەرگرتنی ئینتەرنێت وەك ستارلینگ"، داوەتە پاڵ دەستبەسەركراوانی كورد.
ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ 30-06-2025 بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت "كەشی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر زۆرێك لە شارەكانی كوردستاندا كێشاوە. جێگیركردنی هێزی چەكدار و ئەمنی پەرەی سەندووە. ئەو هێزانە شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەركردن، بانگهێشتكردن، ئەشكەنجەدان و هەڕەشەكردن لە هاووڵاتیان و چالاكانی كورد ئەنجام دەدەن".
وەكوو تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان خستوویەتیە ڕوو، دوو هاووڵاتیی كورد بە ناوەكانی فواد عەلیخانی (٤١ ساڵان، خەڵكی كرماشان) و ئازاد ڕەعنایی (٣٤ ساڵان، خەڵكی سنە) بە دەستی هێزە ئەمنییەكان كوژراون.
هەروەها ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە لەسێدارەدانی سێ گەنجە كوردەكە كردووە كە لە بەرەبەیانی 25ـی ئەم مانگەدا "بە نهێنی و بەبێ ڕەچاوكردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا"، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.
ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە "تەرمی ئیدریس ئاڵی و ئازاد شوجاعی، خەڵكی سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد، خەڵكی شاری قەڵادزێی هەرێمی كوردستان، ڕادەستی كەسوكاریان نەكراوەتەوە".
ئەو سێ گەنجە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕیكردن بۆ ئیسرایل و بەشداری لە تیرۆركردنی زانایەكی ئەتۆمیی ئێران" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە هەڵمەتێكدا كە تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان دەڵێت لەدوای دەسپێكردنی شەڕەوە دەستی پێ كردووە، تا ئێستا دامودەزگا ئەمنییەكانی ئێران، بەتایبەت دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، "لە شار و گوندە جیاوازەكانی كوردستاندا زیاتر لە ٢٥٠ هاووڵاتیی كوردیان دەستبەسەر كردووە". هەروەها "دەیان كەسی دیكەیش بانگهێشت كراون و خراونەتە بەر لێپرسینەوە".
تەنیا لە یەك حاڵەتدا، حەمیدڕەزا كەریمی، داواكاری گشتیی كرماشان، دەستبەسەركردنی "١١٥" كەسی لەلایەن دەزگا پێوەندیدارەكانەوە ڕاگەیاندووە، كە "٥٤" كەسیان بە دانانی بارمتە یان كەفالەت ئازاد كراون و "٦١" كەسیشیان هێشتا هەر دەستبەسەرن.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان دەشڵێت "بەهۆی زەخت و گوشاری ئەمنی و هەڕەشەی بەردەوامەوە لە بنەماڵەكان، تا ئێستا زانیاریی پێویست و تەواو لەسەر چارەنووسی بەشی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەكەوتووە".
"بە وتەی چەند پارێزەرێكی یاسایی لە شارە جیاوازەكانی كوردستاندا، ژمارەی دەستبەسەركراوان زۆر زیاترە لە ئامارە فەرمییە ڕاگەیەنراوەكان"، تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان وا دەڵێت.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان لەبارەی هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە نیگەرانە و دەڵێت "لەوە نیگەرانین كە دامودەزگا ئەمنییەكان لە چوارچێوەی سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەدا، هەوڵ بدەن لە ڕێگای گوشار و ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە، شەپۆلێكی دانپیانانی زۆرەملێی دەستبەسەركراوان بخەنە گەڕ، ئەم جۆرە پلانە لە نموونە هاوشێوەكانی ڕابردوویشدا بینراوە".