سێ‌ بەندراوی كورد بە 'تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل' لەسێدارە دران

25-06-2025 12:31

پەرەگراف
سێ‌ بەندراوی كورد كە خەڵكی شارەكانی سلێمانی و سەردەشتن، لەلایەن ئێرانەوە بە "تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەسێدارە دران. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "سزاكە بەیانیی ئەمڕۆ بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمییە جێبەجێ كراوە". ئەو بەندکراوانە تۆمەتباریش کرابوون بە بەشداریکردن لە "تیرۆرکردن"ـی موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ناسنامەی سزادراوەكانی بڵاو كردووەتەوە كە پێكهاتوون لە "ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵكی شاری سەردەشت، ڕەسووڵ ئەحمەد محەمەد خەڵكی شاری سلێمانی"، كە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو دەڵێت، سزاكە بە "نهێنی" جێبەجێ كراوە و سزادراوەكان لە مافی "دوایین چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكانیان" بێبەش كراون.

ڕۆژى چوارشەممە ٠٦-١١-٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی دادی ورمێ ڕایگەیاند کە لە دوو لقی دادگای ئەو شارەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی موحسین فەخریزادەدا سەپێندراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوى دادی ورمێ، سێ کەسیان (کە تۆمەتبارە کوردەکانن)، تۆمەتبار بوون بە "گواستنەوەی کەلوپەل بۆ کوشتنی فەخریزادە و گەیاندنی بۆ شوێنی ڕووداوەکە و هاوکاریکردنی دەزگاى هەواڵگریى ئیسرائیل (مۆساد) ".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە لەسەر دۆسیەكانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كار دەكات، پێشتر هۆشداریی دابوو لە "جێبەجێكردنی سزای سێدارەی ئەو بەندكراوانە"، كە پێی وایە سزاكە "بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕەوتی دادوەریی نادادپەروەرانە" سەپێندراوە.

"ئەو سێ بەندكراوە سیاسییە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكانیان بێبەش كرابوون، بۆ ماوەی هەشت مانگ لە دەستبەسەرگەدا لەژێر توندترین ئەشكەنجەكاندا بوون و ناچار كرابوون بە دانپێدانانی زۆرە ملێ و قبووڵكردنی ئەو تۆمەتانەی دراوبوونە پاڵیان"، هەنگاو وا دەڵێت.

ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی و ڕەسووڵ ئەحمەد، مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆكایەتیی دادوەر قوربان شاهینی، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل" دادگایی كرابوون و هەمان ساڵ سزای لەسێدرارەدانیان بۆ دەركرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی هەنگاو، ئەم سێ بەندكراوە سیاسییە، لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كرابوون.

موحسین فەخریزادە مەهابادی، یەكێك لە زانا ئەتۆمییەكانی ئێران بوو. ڕۆژی 27-11-2020 لە ناوچەی (ئابسەرد)ـی نزیکی تارانی پایتەختی ئێران لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا. دواتر لەلایەن ئێرانەوە ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی تۆمەتبار کرا.