كۆمیسیۆن بۆ دووەم جار ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی درێژ كردەوە

19-05-2025 01:12

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ دووەم جار ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری ‏بایۆمەتریی دەنگدەرانی درێژ كردەوە. تا 15-06-2025 پرۆسەكە بەردەوام ‏دەبێت.‏

ئەو دەنگدەرانەی كە كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و كارتی دەنگدانیان هەیە، ‏یان كارتەكانیان نوێ‌ نەكردووەتەوە، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لەدایكبووی ساڵی ‏‏2007ـن و یەكەم جارە مافی دەنگدانیان هەیە، پێویستە سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ چارەسەركرددنی ‏كێشەكانیان و دەرهێنانی كارتی نوێی دەنگدان.‏

نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران لە 25-03-2025 دەستى پێ کرد تا 25-04-2025. دواتر پرۆسەكە بۆ ماوەی یەك مانگ و تا 25-05-2025 درێژ كرایەوە.

پرۆسەکە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لە ڕێگەی هەزار و 79 ناوەندی تۆماركردنەوە ئەنجام دەدرێت. پێویستە دەنگدەران لە سەردانی بنكەكان بكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە كاركردنی كارتەكانیان و خوێندنەوەی پەنجەمۆرەكانیان، یان هەر كێشەیەكی دیكە لە تۆماری بایۆمەتری.

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، دەیان هەزار دەنگدەر بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، نەخوێندنەوەی كارتی دەنگدان و كێشەی دیكەوە نەیاتوانی دەنگ بدەن.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١١-١١-٢٠٢٥ـى بۆ ‏ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق دیاری كردووە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەندبوونی ڕاگەیاندووە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا و ئامادەکارییەکانی بەردەوامن.