مەسعود بارزانی: كۆنفرانسی یەكهەڵوێستیی كورد لە ڕۆژئاوا هەنگاوێكی مێژوویی بۆ یەكڕیزیی كورد

26-04-2025 10:58

پەرەگراف

مەسعود بارزانی، كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە "هەنگاوێكی مێژوویی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پرسی كورد" ناو دەبات. جەختیش لە پێكهێنانی "شاندێكی هاوبەشی كوردی" بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق دەكاتەوە، لەپێناو بەشداریی ڕاستەقینە لە داهاتووی وڵات و مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كورد.

حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان، وتاری بارزانیی لە كۆنفرانسەكەدا خوێندەوە كە تێیدا سوپاسی هەوڵەكانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی كراوە بۆ سازكردنی كۆنفرانسەكە. بارزانی دەشڵێت "پاڵپشتیی بنیاتنانی سووریایەكی نوێی دیموكرات، هەمەڕەنگ، یەكسان دەكەین كە تێیدا مافەكانی گەلی سووریا بە هەموو پێكهاتەكانەوە مسۆگەر بكرێن".

"ئەمڕۆ دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەكەمان هاتوونەتە پێش و بەرپرسیارێتیییەكەی مێژوویی قورس دەكەوێتە سەر شانتان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان و ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی بەرفراوان و گونجاو كە خواستی گەلەكەمان لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوو، ئازاد و دیموكراسیدا بەدی بهێنێت"، بارزانی وا دەڵێت.

سەرۆكی پارتی دیموكرات جەخت لە "چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی" بۆ مژارە ئاڵۆزەكان لە سووریا دەكاتەوە. دووپاتیشی دەكاتەوە "یەكگرتنی كورد و بنیاتنانی بنچینەیەكی هاوبەش، دەرگەی بنەڕەتیی چارەسەرێكی دادپەروەر و یەكجاریی پرسی كوردە لە سووریا".

سەبارەت بە دەستووری سووریاش، بارزانی ڕایدەگەینێت "پاڵپشتیی دەستوورێك دەكەین كە گەرەنتیی ئاسایش، ئارامی، پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە سووریادا مسۆگەر بكات". دەشڵێت "جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندیی برایەتیی لەگەڵ كورد و هەموو پێكهاتەكانی سووریا دەكەینەوە".

ئەمڕۆ ٢٦-٠٤-٢٠٢٥، كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە بەشداریی دەیان پارتی سیاسی و زیاتر لە ٤٠٠ كەسایەتی، لە شاری قامیشلۆ دەستی پێ كرد. ئامانجی كۆنفرانسەكە یەكخستنی هەڵوێستی پارت و هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستانە لەپێناو مسۆگەركردنی مافەكانی كورد لە سووریای نوێدا و پێكهێنانی شاندێكی هاوبەشی كورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێ دیمەشق.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە وتارێكدا ڕایگەیاند "لە سووریای نوێدا دەبێت مافەكانی كورد دەستەبەر بكرێن و ئەمە داواكاریی بنەڕەتیمانە".

مەزڵوم عەبدی وتیشی "سووریای نوێ پێویستی بە دەستوورێكی ناناوەندی هەیە كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆ بگرێت". جەختیشی كردەوە كە "ئەركی ئێمە پاراستنی دەستكەوتەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و مافی هەموو پێكهاتەكانە".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپای مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیی كرد بۆ هاوكاریكردنی ڕۆژئاوا و وتی "پاڵپشتی و هەوڵەكانیان لەبیر ناكەین".