مەزڵوم عەبدی: سوریای نوێ پێویستی بە دەستورێکی ناناوەندییەو دەبێت مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێن

26-04-2025 09:48

پەرەگراف

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد ڕایگەیاند، لە سوریای نوێدا دەبێت مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێن و ئەمە داواکاریی بنەڕەتیمانە.

 عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، سوریای نوێ پێویستی بە دەستورێکی ناناوەندی هەیە کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆ بگرێت، وتیشی "ئەرکی ئێمە پاراستنی دەستکەوتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و مافی هەموو پێکهاتەکانە".

ژەنەراڵ مەزڵوم باسی لەوەش کرد، هەوڵەکانی یەکڕیزیی کورد دەمێکە لە ئارادایەو ئەم کۆنفرانسە دەکەنە دیاری بۆ شەهیدەکان، سوپاسی مەسعود بارزانیشی کرد بۆ هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزیی کورد لە سوریا. 

"کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد بە مانای دابەشکردنی سوریا نییە، بەپێچەوانەوە ئەم کۆنفرانسە یەکڕیزی سوریا پتەوتر دەکات" مەزڵوم عەبدی وای وت.

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشداریی دەیان پارتی سیاسی و زیاتر لە 400 کەسایەتی، ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ دەستی پێکرد.