کۆمسیۆن هەواڵێکی پەرەگراف پشتڕاست دەکاتەوە لەبارەی بەستنی کۆنفرانسی گۆڕان

17-04-2025 10:28

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە نووسراوی فەرمی هەواڵێکی هەفتەی ڕابردووی پەرەگراف پشتڕاست دەکاتەوە لەبارەی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان کە ڕۆژە 26ی ئەم مانگەی بۆ دیاری کراوە.

بەپێی نووسراوی فەرمی کۆمسیۆن کە وێنەی دەست پەرەگراف کەوتووە، کۆمسیۆن سەرپەرشتی کۆنفرانسەکە دەکات، بەوپێیەش کۆنفرانسەکەی گۆڕانی گردی زەرگەتە کە 5ی ئەم مانگە لە گردی زەرگەتە بەسترا بەبێ ئامادەبوونی کۆمسیۆن، بە ڕەتکراوە هەژمار دەکرێت.

هاوکات لە نووسراوێکی دیکەدا ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆن ئاماژە بە نووسراوێکی دانا ئەحمەد مەجید دەکات و بە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە ناوی دەهێنێت، ئەوەش دانپێدانانی کۆمسیۆنە بەوەی ناوبراو ڕێکخەری گشتییەو بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

 

هەفتەی ڕابردوو پەرەگراف بڵاویکردەوە، ٢٦-٤ ڕۆژی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕانە، "هەردوو ئاڕاستەکەی گۆڕان تەنها ئەو کۆنفرانسەیان دەبێت، هەردوولا دەتوانن بەشداربن تێیداو تەنها ئەوە فەرمییە بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان(ئاڕاستەی کوردسات)، ئەو زانیارییەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست کردەوەو وتی "لەبەرئەوەی کۆنفرانسی دامەزراندنە مەرجە ئەو کەسانە بەشداریی تێدا بکەن کە ئەندامی دەستەی گشتی بن. دەستەی گشتی ئەو ٢ هەزار ناوەن کە ٢٠١٧ ئیمزایان کردوە بۆ دامەزراندنی گۆڕان لە عێراق".

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لەو ئەندامانەی دەستەی گشتی گۆڕانیان پێکدەهێنا، وازیان لە بزووتنەوەکە هێناوەو هەندێکیان چوونەتەناو حیزبەکانی دیکە.