کۆمسیۆن ڕۆژی بەستنی کۆنفرانسی گۆڕانی دیاری کرد

10-04-2025 10:16

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕۆژی 26ی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمسیۆن سەرپەرشتی کۆنفرانسەکە دەکات.

سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆن بە پەرەگرافی وت "هەردوو ئاڕاستەکەی گۆڕان تەنها ئەو کۆنفرانسەیان دەبێت، هەردوولا دەتوانن بەشداربن تێیداو تەنها ئەوە فەرمییە بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان(ئاڕاستەی کوردسات)، ئەو زانیارییەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست کردەوەو وتی "لەبەرئەوەی کۆنفرانسی دامەزراندنە مەرجە ئەو کەسانە بەشداریی تێدا بکەن کە ئەندامی دەستەی گشتی بن. دەستەی گشتی ئەو ٢ هەزار ناوەن کە ٢٠١٧ ئیمزایان کردوە بۆ دامەزراندنی گۆڕان لە عێراق".

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لەو ئەندامانەی دەستەی گشتی گۆڕانیان پێکدەهێنا، وازیان لە بزووتنەوەکە هێناوەو هەندێکیان چوونەتەناو حیزبەکانی دیکە.

سەرچاوەکەی گۆڕانی کوردسات وتی "بە نزیکەیی هەزار ئەندامێک ماوە، ئەو هەزارە دابەش بوە بەسەر هەردوو ڕەوتی گۆڕان، بەڵام زۆرینەیان لەگەڵ مەکۆی سەرەکی کوردساتن، چونکە زۆرینەی سامانی مرۆیی گۆڕان لەگەڵ ئێرەن، فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان و میدیا و پەیوەندییەکان و تێکەشەری دێرین و ئەوانەن".

دیاریکردنی ڕۆژێکی نوێ بۆ بەستنی کۆنفرانسی گۆڕان لەلایەن کۆمسیۆنەوە دوای ئەوەدێت، کۆمسیۆن کۆنفرانسەکەی بزووتنەوەی گۆڕانی گردی زەرگەتەی ڕەت کردەوە کە 5ی ئەم مانگە لە گردی زەرگەتە بەسترا بەبێ ئامادەبوونی کۆمسیۆن، هاوکات کۆمسیۆن بەستنی کۆنفرانسی گۆڕانی کوردساتیشی دواخست کە بڕیاربوو ئەمڕۆبێت.